پرۆفیسۆرترابێرت: لە ڕۆژئاوا منداڵان بە هۆی کەمخوێنی دەمرن

پرۆفیسۆرگێرهارد ترابێرت ڕایگەیاند کە بەهۆی گەمارۆی سەر ڕۆژئاواوە دەرمان نیە و جەختیشی لەوە کردەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان بە نەخۆشی کەم خوێنیی دەمرن.

ڕێکخراوی خزمەتی تەندروستی لە دژی هەژاری 'ئارموت ئوند گزۆندهایت ئی ڤی'، یەکێکە لە ڕێکخراوە سەرەکیەکانی ئەڵمانیا. دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە پرۆفیسۆر د.گێرهارد ترابێرت، ماوەیەکی زۆرە پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە.

پرۆفیسۆر د.گێرهارد ترابێرت کە هەتا ئێستا چەندین جار ڕۆشتووەتە ڕۆژئاوا و لەو هەرێمانە خزمەتی تەندروستی و پشکنینی ئەنجام داوە، لەگەڵ هەندێک لە هەڤاڵەکانیدا هەوڵ دەدەن ئاستەنگیی تەندروستیی لە ڕۆژئاوای کوردستان چارەسەر بکەن. ئەو پرۆفیسۆرە لە مانگی تەموز/خەرمانان-ی ئەمساڵدا، بەمەبەستی دابینکردنی دەرمان لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوەکەیاندا، سەردانی ڕۆژئاوایان کردبوو.

پرۆفیسۆر د.گێرهارد ترابێرت، پێش چەند ڕۆژێک، باسی سەردانەکەیانی بۆ تەلەفزیۆنی ئەڵمانیی زێد دی ئێف کردبوو. لە قسەکانیدا ئەو پرۆفیسۆرە باسی لەوە کردبوو کە ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی پێداویستییە تەندروستیەکان بۆ لەدایکبوونی پێشوەخت و ئامرازە پلاستیکیەکانی هەناویی و بە گشتییش پێویستی بە گەلێک ئامراز و ئامێری تەندروستی هەیە.

بەهۆی گەمارۆوە لەسەر ڕۆژئاوا منداڵان دەمرن

پرۆفیسۆر د.گێرهارد ترابێرت جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی گەمارۆی تورکیا و شام لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەرمان نیە و وتیشی "بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە، منداڵان دەمرن. داخۆ ئێمە لە چ سەردەمێکدا دەژین؟ ئەوە تاوانی مرۆڤایەتییە."

پرۆفیسۆر د.گێرهارد ترابێرت داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کردبوو کە بکەوێتە هەوڵەوە و باسی لەوەش کردبوو کە بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە، مندڵان بە نەخۆشی کەمخوێنیی دەریای سپیدا دەمرن. ئەو پرۆفیسۆرە ئەڵمانیە وتیشی "لەکاتی چارەسەریی پزیشکیی و تەداویدا، خوێن دەکەنە منداڵانەوە. ئەوەش بەمانای ئەوە دێت کە بڕێکی زۆر ماددەی ئاسن عەمبار دەکرێت. ئەو عەمبارکردنەی خوێن، زیان بە جەستەی منداڵان دەگەیەنێت و منداڵان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ساڵاندا بەهۆی لەدەستدانی بەشەکانی جەستەیەوە ژیانیان لەدەست دەدەن. هەندێک دەرمان هەن کە ماددەی ئاسن لە جەستەدا دەردەکەن، بەڵام ئەو دەرمانانە زۆر گرانن و لە سووریا نیە."

دەبێت مۆدێلی دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا جێگیر بچەسپێت

پرۆفیسۆر د.گێرهارد ترابێرت ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەگەر گەمارۆی سەر ڕۆژئاوای کوردستان هەڵبگیرێت، ئەوکات کێشەی نەبوون و کەمیی دەرمانیش چارەسەر دەبێت و نەخۆشی کەمخوێنیش کەم دەبێتەوە. ئەو پزیشکە ئەڵمانیە دووپاتی کردەوە کە چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورکیا لەکاتی هێرشەکانیاندا، تەنانەت نەخۆشخانەکانیشیان کردووەتە ئامانج و وتیشی "لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و دیموکرات هەیە. لە هەموو شوێنێک بەڕێوەبەریی دیموکراتیی هەیە. ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە ئەو هاوکاریانەی لە دەرەوە بۆ ڕۆژئاوا دەنێردرێن، دەبێت بگەیەنرێنە هەرێمەکانی ڕۆژئاوا. هەروەها دەبێت ئەو مۆدێلە دیموکراتیکە لە ڕۆژئاوا لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە و بچەسپێت."

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لای پرۆفیسۆر د.گێرهارد ترابێرت هەیە، لانیکەم 300 منداڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەست نەخۆشی کەمخوێنیی کە تالاسیماشی پێدەڵێن دەناڵێنن. پرۆفیسۆر د.گێرهارد ترابێرت جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو نەخۆشیە زیاتر لە وڵاتانی سەر دەریای سپیدا، لە وڵاتانی وەک مالتا، یۆنان و ئیسرائیلدا هەیە. لە تورکیاش لە شارەکانی وەک ئەنتالیا، ئەنتاکیا و مێرسین ئەو نەخۆشیە بەدی دەکرێت.

ک-ش