کەم ئاوی گەورەترین کێشەی شەهبایە

دوای ئەوەی سوپای تورکیا دەستی کرد بە هێرش بۆ داگیرکردنی عەفرین، سەدان هەزار هاووڵاتی عەفرین کۆچبەری کانتۆنی شەهبا بوون، بە گەرم بوونی هەرێمی شەهبا بێ ئاوی دەبێتە گەورەترین گرفت بۆ کۆچبەران.

گەلی عەفرین کە لە بەر هێرشی داگیرکارانەی سوپای تورکیا و گروپە چەتەکان بە ناچار کۆچبەری شەهبا بوون، ئێستا لە قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی سەردەم لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیادا بەرخۆدان دەکەن.

ئیستاکە بەسەدان هەزار هاووڵاتیی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا لە ناو بارودۆخێکی سەختدا دەژین. لەگەڵ هاتنى گەرمادا بێ ئاوی دەبێتە قورسترین گرفت بۆ گەلی عەفرین لەو ناوچەیەدا.

لە کانتۆنی شەهبا، بە هۆی کۆن بوونی بیری ئاوەکان ئاوی خواردنەوە بە سەختی لە بیرەکان دەردەهێنرێت. ئیستاش بە چوونی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران، ئاوی ئەو بیرانە بەشی ئەو ئەژمارە زۆرە لە هاووڵاتیان ناکات. لە شەهبا هەم ئاو کەمە و هەم ئامێری هەڵکەندنی بیر و هەمیش ئامێری دەرهێنانى ئاویش نییە.

سەرەڕای هەمو ئەو گرفتانە ڕێکخراوەکانی شەهبا و عەفرین  پێکەوە لە هەوڵی بێ وەچاندان بۆ ئەوەی پێویستییەکانی گەل دابین بکەن.

زەهرا حاج موسا، بەرپرسی  پەیوەندییەکانی گەل لە شارەوانیی فافین دەستنیشانی کرد، بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی شارەوانیەکەیانەوە ناتوانن پێداویستییەکانى هاووڵاتیانى عەفرین دابین بکەن و وتی: پێشتریش هەرێمی شەهبا لە وەرزی گەرمادا کێشەى کەمیى پێداویستیى هەبوو، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو کێشانە، هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ تا بتوانین بەشێکی بچووک لە پێویستییەکان گەل دابین بکەین.

حاج  موسا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە سەرەکیترین کارەکانی شارەوانیەکەیان ئەوەیە ئاوی خواردنەوە بۆ گەل دابین بکەن، بەڵام بۆ ئەوەش پێویستیان بە هاوکارى هەیە.

سیدۆ سیدۆ هاووڵاتیێکی عەفرینە، کە پێشتر لە شارەوانیی عەفریندا خەباتی دەکرد، ئیستاکە لە هەرێمی شەهبا بەردەوامە لە خەباتەکەی خۆی و هاوکاریی شارەوانی هەرێمەکە دەکات.

سیدو وتی: لە عەفرین لە شارەوانی کارم دەکرد.دوای ئەوەی کۆچبەری شەهبا بووین، لێرەشدا لەشارەوانی شەهبا خەبات دەکەم. من لێرە دەستم بە خزمەتی دابەشکردنی ئاو و پاککردنەوەی کەمپەکە کردووە. ئیستاکە کاری سەرەکیی ئێمە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ هاووڵاتیان. دڵنیا بن ئێمە هەمو ئەو گرفتانە چارەسەر دەکەین و دەگەڕێینەوە بۆ عەفرین.

 سیدۆ وتیشی "کۆچبەر بوونیش دەبێت وشەڕیش دەبێت، بەڵام گرنگ بەرخۆدانی گەلە" بانگەوازی ئاراستەی گەلی عەفرین کرد و وتی: ئێمە کۆچبەریی گەل وەک گرفتێکی گەورە نایبینین، گرنگ بۆ ئێمە بەرخۆدانە. خزمەتی ئێمە بۆ گەل بەردەوام دەکات و هەوڵ دەدەین کێشەکان چارەسەر بکەین. ئیمە هەموومان پێکەوە بەرخۆدان بکەین.

ک.ش

ر.م