٢٤هەمین فێستیڤاڵی چاند و هونەری کوردی لە سکاندیناڤیا بەڕێوەچوو

فێستیڤاڵی چاند و هونەری کوردی لە سکاندیناڤیا ئەم ساڵ بە درووشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، ستاتۆ بۆ کوردستان" لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی سوید پێکهات.

فێستیڤاڵی چاند هونەری کوردی لە سکاندیناڤیا، کە هەموو ساڵیک لە مانگی ئەیلول بەڕێوە دەچێت دوو ساڵی  ڕابردوو بە هۆی ڤاێرۆسی کۆرۆنا و خۆپارێزییەوە بەڕێوەنەچوو. ئەمساڵ فێستیڤاڵی ٢٤مین لە وڵاتانی سکانیدناڤیا "نەرویج، سوید، دانیمارک و فیلەندا" بە بەشداریی کورد و دۆستەکانی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بە جۆش خرۆش پێکهات.

سەرەتای فێستیڤاڵەکە بە خولەکێک ڕاوستان بە بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدان دەستیپێکرد و دواتر ناهیدە ساڵح هاوسەرۆکی جڤاکی دیموکراتیکی کوردان لە وڵاتانی سکانیدناڤیا گوتی: "خۆشحاڵین بەوەی ئەو نەخۆشییە بەرەو کۆتای دەڕوات. ئێمە سەرەخۆشی لەوکەسانە دەکەین کە بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە ئازیزەکانیان، یان کەسێکیان گیانی لە دەستدابێت. هەر وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی بە هێندەی ئازادی واتادار و خۆشە".

لە فێستیڤاڵەکە هونەرمەندانی  تەڤ-چاندی سوید گۆرانی و سرودیان گوت، دواتر پەرلەمانتاری پارتی چەپی سویدی لەرینا دەڵگادۆ ڤارس کە خەڵکی ئەرژەنتیە  لەسەر ناوی پارتی چەپی سویدی  قسەی کرد و پشتگیری بۆ گەلی کورد و دووپاتکردەوە و پشتگیری داواکاریەکانی گەلی کوردی کرد.

 لە درێژەی فێستیڤاڵەکەدا پەیامێکی ڤیدیۆی دایکی شەهیدی فەرماندە رێناس رۆژ و شەهید ڕێباز تیلەکۆ پیشاندرا و دوای ئەوە پەیامی هاوسەرۆکی کەجەکە جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە پێشاندرا، کە تایبەت بۆ فێستیڤاڵەکەی ناردبوو.

لە درێژەی فێستیڤاڵەکەدا هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕەمزی کارتاڵ لەبارەی گرنگیی ئەو قۆناغە قسەی بۆ ئامادەبوان کرد، کە گەلی کورد پیایدا ڕاگوزەر دەکات و گوتی: "لەم ڕۆژانە لە تورکیا گفتوگۆ لەسەر چارەسەریی کێشەی کورد دەکرێت، تاکە ناونیشانی ئێمە بۆ چارەسەری ئەو پرسە ڕێبەر ئاپۆیە و ڕێگای تێکۆشانی ئازادی ڕوون و ڕەوان  دیارە، لەبەر ئەوە ڕێىەر ئاپۆ بۆ ئێمە هێڵی سوورە".

کارتاڵ لە درێژەی قسەکانی وتیشی: "سڵاوێکی گەرم لە دڵەوە بۆ بەرخودانی قارەمانانەی گەریلاکانی کوردستان دەنێرم، کە دوژمن بۆ ئەوەی پێش لە تەڤگەری ئازادی گەلی کورد بگرێت لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی سەر دەست ڕێککەوتن دەکات، بەڵام وێڕای ئەوەش ناتوانێت ئەنجام بگرێت".

کارتاڵ تێشکی خستە سەر کردارەکانی پەدەکە و وتی: هاوکاری سەرەکیی دووژمنی گەلی کورد پەدەکە-یە وتیشی: "داگیرکەران پلانە چەپەڵەکانیان لە ڕێگای پەدەکە-وە بەڕێوە دەبەن. دەوڵەتی تورک چەکی قەدەغەکراو و گازی کیمیاوی لە دژی گەریلا بە کاردێنێت."

فێستیڤاڵەکە بە بەرهەمە هونەرییەکانی هونەرمەندان: کاوە، نارین، ئارمانج  و ناسر ڕەزازی زیاتر جۆشی پێدرا. هاوکات لە فێستیڤاڵەکەدا بەبێ وەستان بەشداربوان درووشمی " بژی ڕێبەر ئاپۆ"یان دەگوتەوە.

ڕ.ح