ڕاگەیاندراو لە ئامەد: بەرامبەر کودەتا بێدەنگ مەبن

ڕێکخستنی دەم پارتی لە ئامەد دژی زەوتکردنی شارەوانی وان ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و دەڵێت: "هۆشداری دەدەینە ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئیرادەی گەلەکەمان زەوت بکەن. پێویستە هەمووان لە شوێنی خۆیانەوە دژی ئەم نادادییە بوەستنەوە و ناڕەزایەتی دیموکراتیک نیشان بدەن".

ڕێکخستنی دەم پارتی لە ئامەد دژی زەوتکردنی شارەوانی وان لەبەردەم لیژنەی هەڵبژاردنی ئامەد ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، لەکاتی خوێندنەوەیدا جەماوەر درووشمی "عەبدوڵا زەیدان شکۆی ئێمەیە"یان بەرزکردەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد عەباس شاهین ڕایگەیاند ئیرادەی گەلی وان لە سندووقەکان بەڕوونی دەرکەوت و گوتی: "عەبدوڵا زەیدان هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی وانە. با هەمووان ڕێز لەمە بگرن، دەمودەست لەم بڕیارە هەڵەیە بکشێنەوە".

پەرلەمانتاری ئامەد، سەرحەد ئەرەن ڕایگەیاند پێویستە هەمووان ناڕەزایەتی دەربڕن و هیچ کەس بێدەنگ نەبێت و ڕێگە بەم زەوتکردنە نەدرێت.

هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی ئامەد سەرا بوجاک ڕایگەیاند گەلی کوردستان لەگەڵ گەلی وانە و شارەوانییەکانیان ڕادەستی ئەوان ناکەن.

پاشان درووشمی "ئامەد بە ئێوە سەربەرزە" بەرزکرایەوە.

پۆلیس هێرشی کردە سەر جەماوەر و قۆڵی هاوڵاتییەک شکا و ٤ هاوڵاتی دەستبەسەرکران.