دەستپێشخەریی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" رۆژی شەممە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە شاری ستراسبۆرگ لە بەردەم ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ داوای ئازادیی ئۆجالان چالاکی و کۆبوونەوەى جەماوەری رێکدەخات.
دەستپێشخەرییەکە لەبارەی چالاکییەکەوە رایگەیاند، "گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، ئیدی ئەشکەنجەشی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار" و راشیانگەیاند، نابێت لە بەرامبەر ئەوەدا بێدەنگ بین.
"ئەنجوومەنی ئەوروپا بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە"
دەستپێشخەرییەکە رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئەوروپا بەهۆکاری سیاسی بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە و راشیگەیاند، "کۆمیتەى رێگریکردن لە ئەشکەنجە لە ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی) و ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپا (MPKE) لە راپۆرتەکانی خۆیاندا رایانگەیاندبوو، نابێت هەلومەرجی ئیمراڵی قبوڵ بکرێت و دەبێت بگۆڕدرێت. سەرباری ئەوەش لە سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی دا هیچ گۆڕانکارییەک رووی نەدا".
دەستپێخەرییەکە رایگەیاند، بەپێچەوانەوە لە ٢٥ی ئادار و لە دوای پەیوەندیی تەلەفونیی ٤ بۆ ٥ خولەکی، ئیدی هیچ هەواڵێک لە عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی نییە و راشیگەیاند، "پەیوەندیی عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ دونیای دەرەوە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە بە تەواوەتی پچڕێنراوە".
'ئێمە دەمانەوێت داوای ئازادیی ئۆجالان بەرز بکەینەوە'
دەستپێشخەرییەکە بۆ کۆبوونەوەى جەماوەری لە کۆتایی هەفتەدا داوای بەشداربوونی لە هەموان کرد و وتی، "بە بەشداریی سەدان دۆست و کوردستانی و بە دروشمی 'کات کاتی ئازادییە – ئازادی سەر دەکەوێت – بۆ ئۆجالان دەست بە جموجوڵ بکەن' لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لە بەردەم ئەنجوومەنی ئەوروپا ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە رێکدەخرێت. ئێمە داوا لە کوردستانیان و دۆستەکانیان دەکەین، کە بەشداری کۆبوونەوەکە ببن و داوای ئازادیی رێبەر ئاپۆ بەرز بکەنەوە".
'کورد و دۆستەکانیان کۆدەبنەوە'
کۆبوونەوەکە لە ٢ی تشرینی یەکەم لە کاتژمێر ١٣:٠٠ لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێکدەخرێت و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی و رێکخراو لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانەوە پەیامی خۆیان لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەدا دەخوێننەوە.
سیمۆن دوبینس (Simon Dubbins) یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالان و بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەى سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و ئیرلەند بە ناوی یەکێتیی یەکگرتوانە (Unite The Union - یونایت زە یونێن)، کە ناسراوە بە یونایت (UNITE) و ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، لە ئیتالیاوە پرۆفیسۆر لاورا کۆرادی (Laura Corradi) ئەندامی کۆمیتەى ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، رینی لی مینۆت (Renee Le Mignot) هاوسەرۆکی بزووتنەوەى دۆستایەتیی نێوان گەلان لە دژی نەژادپەرەستی (MRAP)، د. محەمەد ئەل شامی سەرۆکی یەکێتیی داکۆکی لە ئازادییەکان و مافە نێونەتەوەییەکان (AIDL) و لە فەرەنساوە نوێنەری سەندیکای سۆڵیدارێتی بەشداری کۆبوونەوەکە دەبن.
ژ.ت