ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە سەرۆکایەتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و پێشهاتەکان تاوتوێکران.
لەپاش کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندراوێک بڵاوکرایەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە پرسی کورد پرسی سەرەکییە لە تورکیا، ئاستی پرسەکە چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانە دەسەپێنێت، چونکە ئیدی پرسەکە بووەتە پرسێکی هەرێمی و جیهانی، دەڵێت: "چارەسەری پرسی کورد بە دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیک دێتەدی، تێیدا پێکەوەژیان و یەکسانی پارێزراو بێت، هەر کەسێکی خاوەن کەلتوور و زمان و ناسنامە و باوەڕی جیاواز بە ئازادی و مافی هاوڵاتیبوونی یەکسانەوە بژی.
"پێویستە بێ دواکەوتن گۆشەگیری هەڵبگیرێت".
بەڕێز ئۆجالان لە دوایین دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ئیمراڵی گوتی: "گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکی ئەوەم هەیە، ئەم قۆناغە لە زەمینەی شەڕەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی"، کەچی هێشتا ڕەوشی نەگۆڕاوە. لەبەرئەوەی هەلومەرجی تەندرووستی و سەلامەتی و ئازادی نەڕەخساوە، ئەمە ئاستەنگێکی جدییە لەبەردەم ئاشتی کۆمەڵایەتی. وەک موخاتەب، ڕۆڵی ئۆجالان بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن و چارەسەری دیموکراتیک گرنگە. کۆتایی هێنان بە سیاسەتی گۆشەگیری و ئافراندنی هەلومەرجی خەبات، مەزنکردنی هیوای ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێشخستنی هەلی چارەسەری دیموکراتیک، ئەرکێکی بنەڕەتی و مێژووییە.
"دەم پارتی ئامادەیە"
دەم پارتی بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیانە و بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە ڕۆڵی چالاک و بنیاتنەر بگرێتەئەستۆ. بۆیە پێشخستنی سیاسەتی بەرفراوان و هاوکاری لە پرۆسەی دیالۆگ بە ئەرکی بنەڕەتی خۆی دەزانێت".
"سیاسەتی قەیوم ژینگەی کۆمەڵایەتی ژەهراوی دەکات"
دەم پارتی ڕەخنە لە سیاسەتی قەیوم دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەم سیاسەتە ئارامی کۆمەڵایەتی تێک دەدات و ڕێ بۆ قەیران خۆش دەکات و دیموکراسیی خۆجێی ناهێڵێت.
بانگەواز بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن
دەم پارتی بانگەواز لە دەسەڵات دەکات گۆشەگیری هەڵبگرێت، پرسی کورد بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیموکراتیک چارەسەر بکات.
هەروەها بانگەواز لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات، پرسی کورد تەنها بۆ دەسەڵات جێ نەهێڵن، هەڵوێستی ڕوونی خۆیان لەم پرسە پیشان بدەن، هەڵوێستێکی پێشکەوتووتر لە دەسەڵات پیشان بدەن.
هەروەها بانگەواز لە تەواوی ڕێکخراو و سەندیکا و ڕۆشنبیران و ڕیشسپی و خاوەن ویژدانەکان دەکات، هەڵوێست بنوێنن بۆ کردنەوەی ڕێگەی ئاشتی کۆمەڵایەتی.