زیندانی نەخۆش حسێن سورگەچ
زانراوە حسێن سورگەچ نووسەری زیندانیکراو لەلایەن ئیدارەی زیندانەوە سزای ١١ ڕۆژ زیندانی تاکەکەسی بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها ڕاگەیەندراوە لە ١٠ی نیساندا بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە و هەموو مافەکانی پەیوەندیکردن و سەردانی لێ قەدەغە کراوە.
دادگای ئەمنی دەوڵەت لە کاتی خۆیدا بە بیانووی دۆسیەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ سورگەچی بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیر و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاندووە.
سورگەچ یەکەمجار لە زیندانێکی شاری مەلەتی و پاشان دوورخرایەوە بۆ زیندانەکانی چەولیک، ئامەد و ئەلبەسان و ماڵتەپەی ئەستەنبوڵ. سێ مانگ لەمەوبەر دوور خراوەتەوە بۆ زیندانی تەکیرداغ پیتی F ژمارە ٢.
شایانی باسە سورگەچ تووشی چەندین نەخۆشی دێژخایەنی وەک ڕۆماتیزم و نەخۆشییەکانی دڵ و ڕیخۆڵە بووە.
سورگەچ لە ماوەی ٢٦ساڵی زیندانیدا، کتێبەکانی بە ناوی "فرمێسکی دێرسیم" و "کۆمەڵگا و دێوانە"ی نووسیوە.
هەروەها سورگەچ ساڵانێکی زۆر لەگەڵ وەیسی ئاکتاش لە زینداندا ماوەتەوە. بڕیار بوو ساڵی ڕابردوو وەیسی ئاکتاش ئازاد بکرێت، بەڵام ئازادکردنی بۆ ماوەی ساڵێک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دواخراوە.