تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە دەستگیر کردنی دوو مامۆستای ئاینی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، دوێنێ مامۆستایەکی ئاینی بە ناوی ئایەت غوڵامی لە کرماشان دوای بانگهێشتکردنی بۆ بەردەم بەشی پاراستنی کاروباری مامۆستا ئایینییەکانی شارەکە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
دەشڵێن، ئەو مامۆستا ئاینییە بەهۆی واژۆکردنی کۆمەڵە بەیاننامەیەکەوە سەبارەت بە شەرمەزارکردنی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و کوشتنی کۆڵبەران دەستگیركراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر دوێنێ مامۆستایەکی دیکەی کورد بە ناوی سابیر خودامورادی پێشنوێژی مزگەوتێکی شاری سەقز لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانەوە بە تۆمەتی”بانگەشە دژ بە حکومەت و تێکدانی ڕای گشتیی”سزای ٢٢ مانگ زیندانیی کردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیی کردن لە سەرهەڵدانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی”.
ئەوەش لە کاتێکدایە، شەپۆلی نوێی فشارەكان بۆ سەر مامۆستایانی ئاینی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چەند ڕۆژێکە دەستی پێکردووە و ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو مامۆستایەکی ئاینی کورد بە ناوی لوقمان ئەمینی لە شاری سنە و دوای بانگهێشتکردنی بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان، دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.