دەم پارتی: هاوبەشی ئێش و ئازارەکانی ١١٠ساڵەی ئەرمەنەکانین
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی بەبۆنەی ١١٠ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەکانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بانگەوازی بۆ دژوەستانەوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کرد.
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی بەبۆنەی ١١٠ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەکانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بانگەوازی بۆ دژوەستانەوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کرد.
دەم پارتی بەبۆنەی ١١٠ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی سەر ئەرمەنەکانەوە کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە ئەنجامدار ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "ویژدان و بەرەسەندنی دادپەروەری لەناو کۆمەڵگا، هاوبەشکردنی ئازارەکان ڕێگای بنیاتنانی ئایندەیەکی دیموکراتیک، ئاشتیخواز و یەکسانن. بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش و یەکسان."
بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەی دەم پارتی بەم شێوەیە:
"١١٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا تێپەڕی. بەسەدان هەزار ئەرمەنی بێسەروشوێن کران و کوژران. هەروەها گەلانی مەسیحی ئەم خاکە باجێکی زۆر قورسیان دا و لە ئەنجامی ئەو سیاسەت و کردەوانەدا کۆمەڵکوژیان بەسەردا هێنرا. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییە مێژووییەکان، داوای لێبوردن لە گەلانی باوەڕە جیاوازەکان و بەکارهێنانی ئامرازەکانی دادپەروەری لە گرنگترین ڕێگاکانی تێگەیشتن لە یەکترن و دەبێتە هۆی ساڕێژکردنی برینە مێژووییەکان و بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش و یەکسان.
مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ شتێک ناتوانی ئازارەکان قەرەبوو بکاتەوە؛ بە واتایەکی تر نکۆڵی کردن و پاکتاوکاری و بیرۆکەی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی یەکڕەنگ و یەکدەست گەورەترین هەڵەی مێژوویی بووە. پێکەوە ژیانی یەکسان و ئاشتیانە لەگەڵ گەلی ئەرمەنی کە یەکێکە لە گەلە دێرینەکانی ئەم خاکە زۆر گرنگە. جگە لەوەش پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسی، بازرگانی، ئابووری و کولتوورییەکان لەگەڵ ئەرمەنیەکان هەم لە ڕووی پێویستی و بەرژەوەندی گەلانەوە و هەم لە ڕووی مسۆگەرکردنی ئاشتی لە ناوچەی قەفقازدا گرنگیەکی زۆری هەیە.
بەبۆنەی ١١٠ـەمین ساڵی جینۆسایدی ئەرمەنەکان، جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە هاوبەشین لە گەڵ ئازار و ئێشەکانی گەلی ئەرمەنی و لەناخی دڵەوە دڵتەنگین بەم کارەساتە مرۆییە و بە و ڕێزدارییەوە هەموو قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییە بەبیر دێنینەوە."