بەهەزاران منداڵ لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکدا راگیراون

بە گوێرەی ئامارەکانی فەرمییەکانی دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٢١دا ٣٤٥ منداڵی تەمەن ٠-٦ ساڵ لەگەڵ دایکیان لە زیندان راگیراون. بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوە مەدەنییەکان، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ دوو هەزار و ٤٦٦ منداڵ لەگەڵ دایکیان لە زینداندا بوون.

لەسەردەمی دەسەڵاتداری ئاکەپەدا لە هەموو شارێک زینداێک دروست کراوە و لەو سەردەمەدا هەم رێژەی تاوان و هەمیش زیندانی کردنی بەرهەڵستکاران زیادی کردووە و بەهزاران ژنی دووگیان یان ئەو ژنانەی منداڵی ساوایان هەبوو راپێجی زیندان کراون.

تورکیا بە زیندانی کردنی منداڵانی خوار تەمەنی ٦ ساڵ پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانی پێشێل کردووە، کە لەلایەن ئەو وڵاتەشەوە واژۆکراوە.

منداڵان لەزینداندا لە زۆرترین مافەکانیان بێبەش دەبن

جیا لەو پەیماننامەیە برگەی ٢٣ی پەیمانی مافە سیاسی و مەدەنییەکان کە تایبەتە بە پاراستنی خێزان و شکۆی ژیانی خێزان و هەروەها بڕگەی هەشتەمی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەلایەن تورکیاوە پێشێل دەکرێت.

گەورەبوونی منداڵان لە زیندانەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان و کەسایەتیان دادەنێت. بە گوێرەی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی ژیان گەورەترین کێشەکان کە رووبەڕووی منداڵانی زیندانی دەبێتەوە بریتین لە: بەدخۆراکی، نەبوونی پەروەردە، دوورکەوتنەوە لە پەروەردەی ناوخێزان، کەمی شیر، بینینی توندوتیژی و ئەشکەنجەی ناو زیندان، نەبوونی ژیانی تایبەتی، دەستڕانەگەیشتنیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی وەک پێویست، کەستەی یارییان پێنادرێت، دایبییان بۆ دابینناکرێت یاخود زۆر کەمە.

ئەندامی لیژنەی منداڵانی لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەی مافناسان لەپێناو ئازادی، پارێزەر یاسەمین سۆیدان باسی لەوەکرد کە تورکیا پەیمانی مافەکانی منداڵای نەتەوەیەکگرتووەکانی پێشێلکردووە و ناڕەزایەتیەکانی لەو بارەوە بە هەند وەرناگرێت.  

سۆیدان ئەوەشی خستەڕوو کە لە زیندانی کردنی مرۆڤێک یاخود سەپاندنی سزای زیندان بەسەر مرۆڤێکدا دەبێت دۆخی کۆمەڵایەتی لەبەرچاوبگیرێت و وتی، "بەداخەوە ئەو دایکانەی کە ناچارن منداڵەکانیان بەخێوبکەن بە شێوەیەکی نایاسایی زیندانی دەکرێن. سەرباری ئەوەش ناچار دەبێت لە زینداندا منداڵەکانی بەخێو بکات. بێگومان بە گوێرەی پەیماننامەکان دەبێت تورکیا هەموو تواناکانی بخاتەگەڕ و منداڵان لە زیندان دوور بخاتەوە، لە زیندان هێشتنەوەی منداڵان دەبێت دوا بژاردەش نەبێت. بەڵما لە تورکیا نەک هەر منداڵان لە زیندان دەهێڵرێنەوە، بەڵکوو مافەکانی زیندانیانیش پێشێل دەکرێن".

یاسەمین سۆیدان وتی، "زیندانیان لە ناو زیندانەکاندا شایەتی مامەلەی خراپ و ئەشکەنجەدانی زیندانیان و سزادراوانن. منداڵێک کە لە کەشێکی بەو جۆرەدا گەورە دەبێت لە رووی رووی دەروونییەوە لەگەڵ منداڵێک کە لە کەشێکی ئاساییدا گەورە دەبێت، یەکسان نییە، زۆر رووداوی دڵتەزێن دەبینێت و روونە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر دادەنرێت، ئەو کاتەی دەست بە ژیانی تایبەتی دەکات. دەبێت منداڵان لە رێگەی سیستمی یاساوە پارێزگارییان لێبکرێت، بەڵام بە کردەوەی یاسایی زیانیان پێدەگەنرێت. ئەمەش لە دژی پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە".

ژ.ن