خزم و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ڕحا ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاوژین و دوو کوڕی ئامینە شەنیاشار کوژرابوون. بەوهۆیەوە ئامینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کردبوو. بنەماڵەکە ئێشکگرییەکەی خۆیان لە ڕحاوە گواستەوە بۆ ئەنقەرە و ئێشکگرییەکە لە ٢١ هەمین ڕۆژدا بەردەوامە. ئامینە شەنیاشار لەبەر پرسی تەندروستی لەسەر کورسی هاتبووە چالاکییەکە. بنەماڵەکە لافیتەی "دادپەروەری" بەرزکردەوە و لەبەردەم پەرلەمان تا وەزارەتی داد ڕێپێوانیان کرد. بەڵام بەو پاساوەی "وەزیر لەوێ نییە" نەیانهێشت بنەماڵەکە بچنە نێو وەزارەت.
دژی دەستوەردانی پۆلیسەکان، بنەماڵەی شەنیاشار لەبەردەم وەزارەتی داد وەستان و بۆ یەکەمجار ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. فەرید شەنیاشار گوتی: "تێکۆشانمان بە ئیرادەوە بەردەوامە. لەپشتی ئێمە تابلۆی وەزارەتی داد هەیە. لەپێش وەزارەتیش دایکێکی میهرەبان هەیە بە تابلۆی دادپەروەرییەوە داوای دادپەروەری دەکات. هەرکات دێینە بەردەم ئەم وەزارەتە، پێمان دەڵێن "وەزیر لێرە نییە"، "وەزیر لە کۆبوونەوەدایە"، یان "وەزیر لە دەرەوەی شارە". بە هیچ شێوەیەک وەڵامی ئێمە نادەنەوە. وەڵامی پرسیاری، ئاخۆ لە تورکیا دادپەروەری هەیە یان نا، لێرەدایە. سەراپای تورکیا تەماشای ئەم دایکە دەکات، هەموو جیهان گوێبیستی ئەم هاوارەیە. بەڵام بەداخەوە ئەوانەی بەرپرسن لە بەجێهێنانی دادپەروەری، وەک لە ڕحا، وەزیر لە ئێمە هەڵدێت. ئەرکی وەزیرە دادپەروەری بەدی بهێنێت. داوامان کرد دەستوەردان نەکرێت لە دادگادا و ئەم دەستوەردانە هەڵبگیرێت".
ئامینە شەنیاشار داوای کرد بکوژی هاوژین و کوڕەکانی بدرێنە دادگا و فازیڵ شەنیاشاری کوڕی ئازاد بکرێت. شەنیاشار، بە لافیتەی دادپەروەری لەسەر کورسی گەڕۆک گوتی: "ئەم زوڵمە بنەماڵەکەمی لەناوبرد. بنەماڵەی ئێمەتان لەناوبرد، کوڕەکەم بەردەن. ئەم دەوڵەتە دەست لە زوڵم هەڵناگرێت".