چالاکوانانی ئەم هەفتەیەى "ئێشکگریی ئازادی" ژنانی کوردن

چالاکیی "ئێشکگریی ئازادی"، کە بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، ئەم هەفتەیە لەلایەن ئەندامانی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە سویسرا ئەنجام دەدرێت.

ئێشکگریی ئازادی بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لە هەفتەى ٤٨٤هەمین دایە. چالاکییەکە لە گۆڕەپانێکی نێوان رێکخراوەکان و دامەزراوەکانی ئەوروپا بەڕێودەچێت و هەموو هەفتەیەک لەلایەن دەستەیەک لە کوردان و ئەوروپییەکانەوە بەڕێوەدەچێت. ئێشکگریی ئەم هەفتەیەش لەلایەن ئەندامانی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە سویسرا بەڕێوەدەچێت و دەستەکە پێکهاتوون لە سۆنگوڵ هورگەچ، سعادەت کورال و دیلان زازا.

سعادەت کورال بە ناوی دەستەکەوە رایگەیاند، تاوەکو ئۆجالان ئازاد نەبێت ژنانی کورد بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و هەلومەرج هەر چۆنێک بێت دەبێت پشتیوانی لە چالاکیی ئێشکگری بکەین.

کورال راشیگەیاند، ئەوروپا خۆی بە داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دەناسێنێت، بەڵام کۆشەگیری و ئەشکەنجەى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد نابینێت. ئەوروپا بەو کارەی دەبێتە هاوبەشی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک، کە لە کەسایەتیی ئۆجالان دا لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێن.

سعادەت کورال ئەوەشی راگەیاند، تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد پشتبەستووە بە تێز و هۆشمەندیی ئازادی و پارادیگمای ئۆجالان و وتی، "تاوەکو رێبەرەکەمان ئازاد نەبێت ئێمەش ئازاد نابین".

کورال داوای هەموو کوردێک کرد، کە بەشێوەیەکی بەهێز بەشداری چالاکییەکان لە ئەوروپا ببن بە تایبەتی چالاکیی ئێشکگریی ئازادی و ئەوەشی وت، تەنها بە تێکۆشانی هاوبەش دەتوانین لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و هەوڵەکان بۆ کۆمەڵکوژکردنی کوردان، سەر بکەوین.

ژ.ت