چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری بەردەوامە

چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چەند شارێک بەردەوامە.

ئێشکگری دادپەروەری

خزمی زیندانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن. چالاکییەکە لە شارەکانی ئامەد و مێردین و ئێلح بەردەوامە. لە چالاکییەکاندا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دایکان یەلەکیان پۆشی و لەسەری نوسرابوو "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

لە چالاکییەکەی ئامەد، سوڵحیە ساروهان داوای کرد گوێ لە داوای زیندانیان بکرێت، گوتی: "با گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەمودەست هەڵبگیرێت و بتوانێت لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانی کۆببێتەوە".

هاوکات لە چالاکییەکەی مێردین یەک لە خزمی زیندانیان فەتاح تەکین گوتی: "ئێمە بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئێشکگریداین. ئەمە ٢٦ ساڵە لە گۆشەگیرییەکی تونددایە. لە کەسێتی عەبدوڵا ئۆجالاندا گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین گۆشەگیر دەکرێت... پێویستە ئەم دەوڵەت و حکومەتە لە هەڵەکانی بگەڕێتەوە. پێویستە گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و ئازاد ببێت. ئێمە دەمانەوێت سەرۆکمان ئازاد ببێت. تا ئەو ئازاد نەێت، گەلەکەمان و ڕۆڵەکانمان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش ناتوانن ئازاد ببن".