چالایان: گۆشەگیری لە ئیمراڵی لە وڵاتەکەدا بووە بە سیستەم
جانان چالایان، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز ڕایگەیاند، "ئەو گۆشەگیریەیی لە ئیمرالی دەستیپێکرد و بە هەموو زیندانەکاندا بڵاوبووەوە، لەم وڵاتەدا گۆڕاوە بۆ سیستەمێک".
جانان چالایان، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز ڕایگەیاند، "ئەو گۆشەگیریەیی لە ئیمرالی دەستیپێکرد و بە هەموو زیندانەکاندا بڵاوبووەوە، لەم وڵاتەدا گۆڕاوە بۆ سیستەمێک".
جانان چالایان، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییەدا، لە بارەگای گشتی هەدەپە، هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتە گرنگەکانی ڕۆژ کرد.
گۆشەگیری ئیمڕاڵی
چالایان ڕایگەیاند، گۆشەگیری لە ئیمراڵی هەموو قەیرانەکانی قوڵتر کردووە و وتی: "وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، لە بناغەی ئەم قەیرانە فرەلایەنەدا، سیاسەتی شەڕ و توندوتیژی و گۆشەگیری هەیە. ئەو گۆشەگیرییەی لە ئیمراڵیەوە دەستیپێکرد و لەوێشەوە بە هەموو زیندانەکاندا بڵاوبووەوە، لەم وڵاتەدا گۆڕا بۆ ڕژێمێک. زیندانیانی سیاسی سەرباری ئەوەی سزاکانیان کۆتایی هاتووە، بە شێوەیەکی نایاسایی لە زیندانەکاندا ڕاگیراون و ئازاد ناکرێن. هەموو ڕۆژێک پێشێلکارییەکی نوێی مافەکان لە زیندانەکاندا زیاد دەکات، هێرش بۆ سەر زیندانەکان بە خێرایی بەردەوامە. بێگومان سیاسەتی گۆشەگیری تەنیا لە زیندانەکاندا پەیڕەو ناکرێت، بەڵکو هاوکات لە دەرەوەش، میکانیزمی فشار بەردەوامە.
وتیشی: "دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی، کە ئەمڕۆ تێکۆشانێکی شکۆمەندانە ئەنجام دەدەن، لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکرێنە ئامانج. دایکانی شەممە کە هەموو شەممەیەک لە گۆڕەپانی گالاتاسارای لە چارەنووسی بێسەروشوێنکراوانیان دەپرسن، کەلەپچە دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن. لە جۆلەمێرگیش هێشتا دایکانی ئاشتی لە دەستبەسەریدان. دەڵێین: تێکۆشانی ڕەوا و شکۆمەندانەی دایکانی شەممە کە واز لە پرسیارکردن لە چارەنووسی بێسەروشوێنکراوانیان ناهێنن و دایکانی ئاشتی، کە سەرباری هەموو جۆرە گوشار و سیاسەتی ستەمکردن لە وتنی ئاشتی ناوەستن، تێکۆشانی ئێمەیشە. تا ئەو کاتەی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان ئاشکرا دەبیت و بکەران و تاوانباران دادگایی دەکرێن، هەنگاوێک لە تێکۆشانمان بەرەو دواوە ناکشێینەوە. پێکەوە ئاشتییەکی شکۆمەندانە بۆ ئەم وڵاتە دەستەبەر دەکەین".
کۆبوونەوەکان لەگەڵ ژنان
چالایان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "وەک ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە، لە هەموو شار و شارۆچکەکان کۆبوونەوەی ژنانمان ئەنجامدا. لە پێناو فراوانکردنی ڕێکخستن بوون و پاڵپشتی ژنان، گفتوگۆی گرنگمان ئەنجام دا لەبارەی ئەوەی کام شێواز و ڕێباز بگرینەبەر. بەشێوەیەکی کراوە، کەموکوڕیەکانی ماوەی ڕابردوومان بە میکانیزمی ڕەخنە و ڕەخنەدان هەڵسەنگاند و باسمان لە چارەسەرکردنیان کرد. لەسەر بنەمای ڕەخنە و پێشنیارەکانی هەموو ئەم کۆبوونەوانە، کۆڕبەندی ناوەندیمان بە ناونیشانی 'رێگای سێیەم و ژنان' و 'میکانیزمی ئێمە بۆ ڕێکخستنی ژنان' ئەنجامدا. بەو هەڵسەنگاندن و پێشنیارانەی لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەدا کران، بە مۆڕاڵ و پاڵنەرێکی گەورەوە کۆنفرانسی ناوەندی ژنان ساز دەکەین.
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لە کۆتایشدا وتی: لەو چوارچێوەیەدا لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ی ئابدا لە سەرجەم شارەکان کۆبوونەوەی بەهێز بۆ ئامادەکاری کۆنفرانسەکە ئەنجام دەدەین. پاشان لە کۆنفرانسی گەورەی ژنان کە بڕیارە لە ڕۆژانی ٨-٩ی ئەیلول بەڕێوە بچێت، پێکەوە هێڵی تێکۆشانمان لە سەردەمی نوێ دیاری دەکەین.
ژ.ن