چوارەم کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە: گوڕ بە تێکۆشان دەدەین!- نوێکراوەتەوە
چوارەم کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە لە ئەنقەرە سازکرا. لە کۆنگرەکەدا سوڵتان ئۆزجان و جیهاد کرکازاک وەک هاوسەرۆکانی گشتی هەڵبژێردران.
چوارەم کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە لە ئەنقەرە سازکرا. لە کۆنگرەکەدا سوڵتان ئۆزجان و جیهاد کرکازاک وەک هاوسەرۆکانی گشتی هەڵبژێردران.
کۆنگرەی نائاسایی چوارەمی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە ناوەندی بازرگانی جیهان لە ئەنقەرە سازکرا. لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا پلاکاردی "ئێمە هیواین" هەڵواسرابوو.
پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە موراد چاپنی وتاری سەرەتایی پێشکەش کرد و وتی، "هەمووان چاویان لەوە بریوە کە تەنگ بە ئێمە هەڵبچنن. بەڵام ئێمە لەپێناو سەرکەوتندا لێرەین. مێژووی هەدەپە مێژووی ئەمەیە".
دواتر بۆ هاوسەرۆکایەتی دیوان ئەمیرعەلی تورکمەن و خالیدە تورکئۆغڵو هەڵبژێردران. کۆنگرەکە پێشکەش بە دایکانی ئاشتی عەدالەت سافالی، پەریشان ئاکچەلیک و کوڕەکەی جیهان ئاکچەیک کرا، کە بە هۆی لێپرسینەوەی داواکاری گشتی کۆماری لە جۆمەلێرگ لە گەڤەرەوە دەچوون بۆ جۆلەمێرگ و لە ئەنجامی رووداوی هاتووچۆدا ژیانیان لەدەستدا.
دوای هەڵبژاردنی دیوانبەمەبەستی رێزگرتن لە گیانبەختکردوانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی خولەکێک بە بێدەنگی وەستان.
دواتر هاوسەرۆکانی گشتی پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار وتەیان پێشکەش کرد.
بوڵدان: ئەم تێکۆشانە شکۆمەندایە بە دڵنیاییەوە دەگاتە سەرکەوتن
پەروین بوڵدان لە سەرەتا وتەکانیدا سڵاوی ئاراستەی زیندانیانی سیاسی، ئەو کەسانەی لەتاراوگەن و سەرجەم ئەوانە کرد کە ناتوانن بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکەن و وتی، "لە کەسایەتی دەنیز پۆیرازی بەنرخدا هەموو ئەو هەڤاڵانەمان بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە کە لە تێکۆشانماندا ژیانیان لەدەستداوە. هەروەها دایکانی ئاشتی پەریشان ئاکچەلیک و عەدالەت سافالی بکەونە بەر بەزەیی و لێخۆشبوونی خوداوەندەوە. لەسەر بەڵێنی خۆمانین کە تا ئاشتی لەم خاکەدا دەچەسپێت و فرمێسکی دایکان رادەوەستێت و بە رۆڵەکانیان شاد دەبنەوە ئێمە درێژە بە تێکۆشان دەدەین.
باش دەزانین کە لەرێگەی ئەم کۆنگرەیەوە بەرەو گۆڕانکاری و وەرچەرخان دەڕۆین. هەدەپە وەک نەمامی خۆشەویستییە، کە لەناو هیوادا سەوز بووە. ئەوانەی دەیانەوێت ئەم نەمامە وشک بکەن، ئەوانەی چاویان بڕیوەتە ئەم نەمامە با باش بزانن کە ناتوانن بە ئۆپراسیۆن و کودەتای قەیوم، بە دۆزی پر فرت و فێڵ ئەو تێکۆشانە لە ناو ببەن. لە دژی ئەو ئۆپراسیۆنانەوە بە سەربەرزییەوە لەسەرپێ وەستاوین. لە کۆڵانەکانەوە تا گۆڕەپانەکان، لەناو مەزرا و کێڵگەکانەوە تا زیندانەکان و هۆڵی دادگاکان، تێکۆشانمان لە هەموو لایەک بەردەوامە.
بەردەوام بەرامبەر بە زریانەکان خۆمان راگرت و تێکۆشاین. هیوامان گەش کرد، هەنگاومان بۆ دواوە نەنا و هەرگیز دوودڵ نەبووین. وەک محەمەد سینجار، موسا عەنتەر، وەدات ئایدن و ئیبراهیم ئایهانەکان ئێمە بەردەوام لەسەر پێ وەستاین. ویستیان بە پلانی رووخاندن سەرمان پێ نەوی بکەن، بەڵام هەرگیز سەرمان نەوی نەکرد و پلانەکانی ئەوانمان پوچەڵ کردەوە.
وڵاتەکە لە قۆناغێکی دژواردایە. لە چوارلاوە قەیران و ئاڵۆزی لەئارادایە. هۆکاری ئەمانەش کێشەی کوردە، کێشەی یەکسانی و گۆشەگیریە، کودەتای قەیومەکانە، جینۆسایدی ژنان و کێشەی تاڵانکارییە، گەندەڵی و قەیرانی دیموکراسییە. هەربۆیە دەبێت گوڕ بە تێکۆشان بدەین و کێشەکان چارەسەر بکەین. هەدەپە بۆ ئەوە بوونی هەیە. ئێمە هەرگیز دەستبەرداری تێکۆشانی خۆمان لە پێناو ئاشتیەکی شکۆمەندانە نابین. بۆ ئەوەی پرسی کورد لە رێگەی دیموکراتیک و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، ئێمە تێکۆشانمان زیاتر گەورە دەکەین. ئێمە بەڵێن دەدەین کە تێکۆشانمان لە دژی گۆشەگیری بەهێزتر و گەورەتر بکەین. ئەقڵی دەوڵەت کە لە ئیمراڵی گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان دەسەپێنێت با باس بزانێت کە جیتر ناتوانێت رێگەی چارەسەر و ئاشتی بگەیەنێتە بنبەست. ئێمە جارێکیتر بەڵێن دەدەین کە بە تێکۆشانمان کۆتایی بەو گۆشەگیرییە دەهێنین.
گۆشەگیری لە سەر بەڕێز ئۆجالان، گۆشەگیرکردنی ئاشتی، دیموکراسی و ئایندەی وڵاتەکەیە. دەبێت هەموو کەس بزانێت کە ئێمە دەست لە تێکۆشانی خۆمان لە پێناو ئازادی، زمانی دایکی و ئایینی هەموو گەل و نەتەوەکان هەڵناگرین. لە تێکۆشانی هەڤاڵانی کەمئەندامماندا ئێمە شان بە شانیان دەوەستین. بەڵێن دەدەین کە تێکۆشانمان لە پێناو کورد، عەلەوی، ئەرمەن، سوریان، ئێزدی، رۆمان، چەرکەز، لاز، پۆماک و هەموو گەلاندا گەورەتر بکەین. تێکۆشانمان لەپێناو دەستورێکی هەمیشەیی فرەرەنگ، دیموکراتیک و مەدەنی بەردەوام دەبێت. ئێمە بەردەوام لە تەنیشت رەنجدەران دەوەستین، گوڕ بە تێکۆشان لە دژی قەیوم دەدەین، لە دژی تاڵانکردنی ژینگە گوڕ بە بەرخودانمان دەدەین.
بانگەوازی من بۆ هەموان ئەوەیە کە لە دژی ئەوانەی نکۆڵی لە گەلی کورد دەکەن، یەکبگرن. ئێمە بە هەڵوێست و ئیرادەی نەورۆز یەکدەگرین، لە دژی ئەوانەی دەیانەوێت گەلی کورد، زمانەکەمان و کولتورەکەمان لەناوببەن، ئێمە یەکێتی خۆمان ساز دەکەین.
ژنانی ئازیز و بەنرخ، هەدەپە پارتی ژنانە، ژنان لە رێگەی هەدەپەوە زۆر دەستکەوتی بەدەستهێنا و زۆر بە بەهێزی تێکۆشان. ژنان لە هەموو بوارەکاندا ئەرکی خۆیان رادەپەڕێنن و درێژە بە رۆڵی پێشەنگایەتی دەدەن. کەس ناتوانێت رێگە لە ژنان بگرێت، ژنان هێزی گۆڕانکارین. ئێمە گۆڕانکاری دەکەین، بونیاد دەنێین و سەردەکەوین. لەهەموو شوێنێکی جیهان دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەڵێینەوە.
سەربەرزم کە بوومە خەباتکارێکی ئەندێشەی هەدەپە و بوومە ئەندامی. ئەم رێبازە، رێبازی ئەوانەیە کە لە کۆتا هەناسەیان وتیان 'بە قەرزاری دەڕۆم'. منیش سوێندم خواردووە کە تا دواهەناسەم لەسەر ئەم رێبازەبم و ببمە بەشێک لەم تێکۆشانە.
ماوەی پێنج ساڵە هاوسەرۆکی گشتی ئەم پارەم. وتمان کە ئێستا کات کاتی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورەیە. ئەستەمە کەسێک لە ئێمە ئەو ئەنجام و ئەو دەنگانە قەبوڵ بکات کە لە هەڵبژاردندا بەدەستمان هێنا. بۆ ئەوەی گوێ لە رەخنەکانتان بگرین، ئێمە لەگەڵ خەڵک، پێکهاتە و رێکخستنەکانمان لە شار و ناوچەکان، لەگەڵ ئەنجومەنی ژنان و گەنجان کۆبووینەوە و ئێستا چوارەم کۆنگرەی نائاسایی دەبەستین. سپاسی سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە لەم قۆناغەدا هاوکارییان کردم. بەڵێن دەدەم کە بەردەوام لەگەڵتان بم. ئەم تێکۆشانە شکۆمەندانەیە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. سکست بۆ ستەمکار و سەرکەوتن بۆ ستەملێکراوان دەبێت. رێگەمان کراوە بێت. یان سەرکەوتن، یان ئازادی، یان ئازادی".
سانجار: تا سەرکەوتن تێدەکۆشین
پاشان میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە ڕایگەیاند، ڕێپێوانی هەدەپە کە ١١ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و دژوارییەکان بەردەوامە. پارتەکەمان هەموو ئاستەنگەکان تێدەپەڕێنێت و ڕێگا داخراوەکان دەکاتەوە. هەدەپە، بزووتنەوە و ئەندێشەیەکە، کە ڕەگ و ڕیشەی بە قووڵی لە خاکدا داکوتاوە. ئەم ڕێگایەیی بە قوربانی و بوێرییەکی زۆرەوە دەستی پێکرد، ئێستا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم قۆناغانە بەرپرسیارێتی و ئەرکی گرنگ دەخاتە سەر شانمان. لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆر، ستەمکار، نکۆڵیکار و داگیرکەر، کە لە ئێستادا ڕۆژ بە ڕۆژ خۆی لە تورکیادا جێگیر دەکات، ھەدەپە ناوەندی تێکۆشانە.
سانجار ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەزانین کە لە ئەنجامەکانی ئەم دواییەی هەڵبژاردن، سەرکەوتنمان بەدەستنەھێنا. ئامانجمان هەبوو، بەڵام نەمانتوانی پێیان بگەین. لێپرسینەوە لەوەش ئەرکێکی مێژوویی، ئەخلاقی و ویژدانی بوو. بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنەی بە گەلەکەمان دابوو جێبەجێ بکەین، ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردن هەوڵەکانمان خستەگەڕ. لەو قۆناغەکەوە ھەتا کۆنگرە، هەموو خەباتکارانی پارتەکەمان ئەوەی لە توانایاندا بوو ئەنجامیان دا.
وتیشی: دەبێت خۆمان نوێ بکەینەوە و هێڵێکی تێکۆشانی بەهێزتر بنیاد بنێین. چونکە هیچ ھێز و لایەنێکی دیکە بوونی نییە، کە بتوانێت دیموکراسی، ئاشتی، ئازادی و یەکسانی بۆ ئەم وڵاتە بهێنێتە ئاراوە. ھەربۆیە بەرپرسیارێتی و ئەرکی ئێمە قورسە. تا ئێستا هەموو ئاستەنگ و دژوارییەکانمان تێپەڕاندووە. ویستیان ئەندێشەکانمان کپ بکەن، بەڵام ئێمە یەکڕیزی و یەکێتی ناوخۆیی خۆمان پاراست و ئەم گەمارۆیەمان تێکشکاند. هەروەها ئێمەش کەموکوڕی و هەڵەمان هەبوو. نامانەوێت ئەو ھەڵانە پشتگوێ بخەین. بەڵام دەبێت لە هەموو ڕوویەکەوە ڕاوەستەی لەسەر بکەین و هێڵی تێکۆشانی ڕاستی بنیاد بنێین.
سانجار ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "ئایدۆلۆژیای هەدەپە خاوەنی تایبەتمەندییەکی لەوجۆرەیە کە دەتوانێت بۆ ئەم وڵاتە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان، ببێت بە نموونەیەک. جیاوازی ئێمە سامانی ئێمەیە. لەگەڵ پێکهاتەکانمان، لەگەڵ کەسایەتیەکانمان، لەگەڵ هەڤاڵانی تێکۆشەرمان، هەموو جیاوازییەکانمان دەپارێزین و لە چوارچێوەی هەمان ئامانج، بنەما و بەهاکاندا ھەنگاو دەنێن. گەورەیی هەدەپەش لێرەوە سەرچاوەی گرتووە.
هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە جەختیشیکردەوە، "ئەم کۆنگرەیە کۆتایی ئەو قۆناغە نییە کە دەستمان پێکرد. تەنها یەکێکە لە وێستگەکانی پرۆسەی لێپرسینەوە. لەمەودوا ئەزمونی تێکۆشان و هێزەکانمان لە پارتی چەپی سەوزدا کۆدەکەینەوە، بەڵام هەدەپە هەم وەک دامەزراوە و هەم وەک ڕۆحێک لێرە بوونی دەبێت. ئێمە گەورەتر دەبین. لە دژی سەپاندنی باج، ستەم و خراپەکاری کە ئەم ڕژێمە بەسەر گەلەکەماندا دەیسەپێنێت، گوڕ بە تێکۆشانمان دەدەین. یەکێک لە ئامانجەکانمان ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو لایەنە کۆمەڵایەتییەکان، یەکڕیزی و یەکێتیمان بەهێزتر بکەین. ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەکانی پەیوەست بە هەدەپە گرنگە. ئێمە هەموویان بە گرنگ و بەنرخ دادەنێین. هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن پلان لە دژی ئەم بیرۆکە و ئەندێشەیە دابڕێژن. دەبێت لە بەرامبەر ئەمانە وشیار بین. پێویستە دارەکەی هەدەپە بپارێزین و ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەیە".
دووپاتیشیکردەوە: "ئێمە ھاوپشتی خۆمان بەهێزتر دەکەین و گەورەتر دەبین. کەموکورتی و هەڵەکانمان لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیماندا بە باشی ببینین و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین و پەیوەندی نوێ ساز بکەین. ئێمە بۆ ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری کەوتووینە رێ. گرنگترین ئامانجمان ھێنانەدی ئاشتییەکی شکۆمەندانە و دادپەروەرانەیە. بۆیە ئەم کۆنگرەیە پێشکەش بە دایکانی ئاشتی دەکەین. لە پێناو بە سەرکەوتن گەیەندنی تێکۆشانی دایکانی ئاشتی، زۆر بە گرنگییەوە لەم کۆنگرەیە دەڕوانین. ھەم دایکمان عەداڵەت سەفالی و ھەمیش دایکمان پەریشان و کوڕەکەی جیهان ئاکچەلیک بەهۆی ستەمەوە گیانیان لەدەستدا.
سانجار بە ئاماژەدان بەوەی لە ٢٠١٥ەوە هاتووەتە ریزەکانی هەدەپە و لە ساڵی ٢٠٢٠یشەوە وەک هاوسەرۆک کاری کردووە، رایگەیاند لەو ماوەیەدا فێری زۆر شت نووە، لە ئێستا بەدواوە "هەندێک هەڤاڵی دیکە ئەرکەکە لەئەستۆ دەگرن، بەڵێن دەدەم کە وەک تاکێک تا کۆتایی لەم تێکۆشانەدا بمێنمەوە".
وتیشی: "هەڤاڵانی هێژا، گەلی بەنرخ، ئێمە ناچارین سەربکەوین، ئەو هێزەی ئەم وڵاتە لە خوێن و شەڕ رزگار دەکات، لێرەیە. لێرە بەدواوەش چیم لەدەتس بێت دەیکەم. پێکەوەین و هەموو ئەرکێک بەلامانەوە پیرۆزە. هاوسەرۆکایەتی هەدەپەش ئەرکێکی پیرۆز بوو. لەئێستاوە پیرۆزبایی لەو هەڤاڵە تازانە دەکەم کە ئەو ئەرکە وەردەگرن و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. با کەس رەشبین نەبێت، چونکە بێهیوایی و رەشبینی مرۆڤ بەرەو خۆبەدەستەوەدان دەبات. خۆبەدەستەوەدان بوونی نابێت. تا کۆتایی تێدەکۆشین و سەردەکەوین. لەپێناو هەڤاڵانی زیندان، هەڤڵانی تاراوگە و هەموو ئەو هەڤاڵانەی قوربانی زۆریان بەخشیوە و لەپێناو هەموو هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە، درێژە بەم تێکۆشانە دەدەین. رێگەمان کراوە بێت. ئێمە سەردەکەوین، سەرکەوتن هەڤاڵان".
لە کۆنگرەکەدا پاڵێوراوانی هاوسەرۆکایەتی گشتی هەدەپە سوڵتان ئۆزجان و جیهاد کرکازاک وتەیان پێشکەش کرد.
سوڵتان ئۆزجان سەرەتا قسەی کرد و وتی، "لە یەکەم رۆژی دامەزراندنی هەدەپەوە تائێستا لە لیژنە جیاجیاکاندا بەشداربووم. کاتێک پێشنیازی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی هاوسەرۆکایەتی گشتی هەدەپەم بۆکرا، وەک شانازییەک قەبوڵم کرد. بەڵێن دەدەم کە درێژە بە فەلسەفەی هەدەپە بدەم و ببمە بەشێک لەم رێپێوانە گەورەیەی مرۆڤایەتی. لەم رێپێوانەدا چ ئەرکێک بکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێی دەکەین. وتمان هەدەپە ئەندێشەیە و داناخرێت. بەو کەسانەی هەدەپەیان گەمارۆداوە وتمان، 'هەدەپە بینا نییە، دەرگا نییە'. لەبەر ئەوەی هەدەپە ئەندێشەیە و هزرە و وەک سەرچاوەی ژیانی گەل هەموو بەربەستەکان تێدەپەڕێنێت. ئێمە دەڵێین هەدەپە لە رێگەی نوێی خۆیدا لەگەڵ پارتی چەپی سەوز تێدەکۆشێت و هەموو بەربەست و لەمپەرەکان لەسەر رێگەی لادەدات".
پاڵێوراوی دیکەی هاوسەرۆکایەتی گشتیی هەدەپە جیهاد کرکازاکیش لە کۆنگرەکەدا بەم جۆرە دوا: "کاتێک لە هەدەپەدا دەستمان بە تێکۆشان کرد، بەڵێنمان بە یەکتردا، بەڵێنمان بە گەلانی کوردستان و تورکیادا. بەڵێنەکەشمان ئەوەیە کە ئاواتەکانی دایکانی ئاشتی بهێنینەدی کە لەو رێگەیەدا ژیانیان لەدەستداوە. هێشتاش لەسەر ئەو بەڵێنەین. بە دڵنیاییەوە ئەم تێکۆشانە دەگەیەنینە سەرکەوتن. داوامان لە گەلەکەمان ئەمەیە؛ دەست لەناو دەست، ئێمە پێکەوە ژیانی نوێی ئازاد بونیاد دەنێین. ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر هێڵی ژیانی نوێی ئازادمان با باش بزانن کە ناتوانن سەربکەون. با ترسی ئێوە بەرامبەر بە ئێمە بەردەوام بێت".
بەڕێوەبەرایەتی هەدەپە هەڵبژێردرا
چوارەم کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە بە هەڵبژاردن کۆتاییهات. لە ئەنجامدا سوڵتان ئۆزجان و جیهاد کرکازاک وەک هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە هەڵبژێردران.
هەر لە کۆنگرەکەدا ئەنجومەنی پارتی و لیژنە جیاجیاکانی هەدەپە و ئەندامانی جێگرەوەی ئەو ناوەندانە بە هەڵبژاردن یەکلاکرانەوە.
هـ . ب/ ژ.ن