بڕیارە سبەینێ ٣١ی ئادار دادگای فیدراڵی عێراق بە مەبەستى تاوتوێكردنی سكاڵایەكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانى عێراق کۆببێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، ٢٣ـی ئەم مانگە بە تۆمەتى ڕێگریی کردن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە دادگاى فیدڕاڵى داواى یاسایی لەسەر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ تۆمار کرد.
بەپێى خشتەى دانیشتنەکانى دادگاى فیدڕاڵى بڕیارە سبەینێ دادگاکە بە مەبەستى تاوتوێكردنی سكاڵایەكی ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانى عێراق کۆببێتەوە، کە تێیدا داواكراوە هەرێم ناچار بكرێت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و داخستنی كامپەكان.
سكاڵاكە لەلایەن ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەسەر هەریەك لە نێچیرڤان بارزانى، مەسرور بارزانى ڕێبەر ئەحمەد تۆماركراوە.
لە سکاڵاکەدا وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە، کە لە ئەنجامی جێبەجێ کردنی بڕیاری ژمارە ٢٤٠٠٧ـی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە درووست بووە و ئەو کەسانەی سکاڵایان لەسەر کراوە بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکە پابەند بکرێن.
هەر لە سکاڵاکەدا ئیڤان فایەق داوا دەکات ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە رەزامەندبن بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وردەکارییەکانی و ئاوارەکان، کە لە هەرێمی کوردستانن بگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان.
هەروەها، لە سكاڵاكەیدا وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق باسى لەوەکردووە، هەرێمی کوردستان رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەكەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتریش چەندین جار بەرپرسانى عێراق ئاماژەیان بەوەکردووە، بەرپرسانى پەدەکە ڕێگرى دەکات لە گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان.
هـ . ب