داگیرکەری تورک بەردەوامە لە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٩٠ کۆچبەری سوری کە هەڵگری کارتی تورکیین ڕاگواست بۆ شاری ئەعزازی داگیرکراو لە سوریا لەڕێگەی دەروازەی سەلامەوە، لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی.

بەگوێرەی بڵاوکراوەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕاگواستنەکە بەپاساوی تەواونەبوونی دیکۆمێنتەکانی مانەوەیان و نەبوونی کاغەزی فەرمی بووە.

بەمەش ژمارەی سورییە ڕاگوزراوەکان لە دەروازەی سەلامەوە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا گەیشتە ٣٩٠ کۆچبەر.

لەسایەی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە بەکارهێنانی کۆچبەرە سورییەکانی نێو وڵاتەکەی و گۆڕینی دیمۆگرافی و بنیاتنانی کۆڵۆنی بەتایبەت لە عەفرین بە هاوکاری ڕێکخراوە ئیخوانی و خەلیجییەکان.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ٢٦ ی حوزەیران ڕایگەیاند، دەسەڵاتی تورک زیاتر لە ٣٠٠ سوری لەماوەی ٧٢ کاتژمێر ڕاگوێزاوە و ناچاریکردوون بە واژۆکردنی کاغەزی فەرمی، بەشێک لەوانە بۆ ماوەیەک لە کەمپی کلس ڕاگیراون.

لەسایەی بێدەنگبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا.