"دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم لەبەرچاوی خەڵک و لە ڕوانگەی یاساییشەوە شەرعیەتی خۆیان لەدەستداوە"

پێگەی (الفکرة) لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایدەگەینێت: "لە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک تەنها لەبەرچاوی خەڵک بەڵکو لە ڕوانگەی یاساییشەوە شەرعیەتی خۆیان لەدەستداوە".

پێگەی ئەلفیکرە (الفکرة) رایگەیاند، لەدوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی عێراقی بە نادەستوری ناوبرد، دامودەزگاکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم نەک تەنها لەبەرچاوی خەڵک بەڵکو لە ڕوانگەی یاساییشەوە شەرعیەتی خۆیان لەدەستداوە، دەشڵێت، هەڵبژاردن لە هەرێم یەکگرتووی و ئامانجی هاوبەش بەرقەرار دەکات، بە مەرجێک بە دادپەروەرانە بێت.

پێگەی ئەلفیکرە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، شکستەکانی دەسەڵاتی هەرێم تەنها لە لەدەستدانی دۆسیەی هەرێمدا نەوەستا بەڵکو ئێستا هەر دۆلارێک بدرێت بە هەولێر و وردبینی بۆدەکات و دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمیش لەسەر چۆنیەتی خەرجکردنی پارە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی عێراق و دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵیدایە.

پێگە عەرەبیەکە باسی لەوەشکردووە، سەرنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لە چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانیان متمانە و پێگەی حکومەتی هەرێمی لە ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا تێکداوە بە جۆرێک لە کاتی گفتووگۆکردنی پرۆژەیاسایی بودجە لایەنە کوردییەکان نەیانتوانی سیاسەتێکی هاوسەنگ دابڕێژن و لە ئیستادا هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتێک لاوازترە و داهاتووی نادیارە.

لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیشەوە ئەو پێگەیە دەڵێت، دوای ئەوەی دادگای باڵای عێراق بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە، دامودەزگاکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم نەک تەنها لەبەرچاوی خەڵک بەڵکو لە ڕوانگەی یاساییشەوە شەرعیەتی خۆیان لەدەستداوە.

ڕاشیدەگەینێت: "ئێستا هەرێمی کوردستان پێویستی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە بۆ گەڕاندنەوەی شەرعیەتی گشتی و یاسایی و هەڵبژاردن لە ئێستادا دەتوانێت هەموو گرژی و ململانێ سیاسییەکانی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان دووبارە رێکبخاتەوە و دەرفەتێک بۆ دروستبوونەوەی متمانە و گفتووگۆ و بەشداری هاوڵاتیان دەڕەخسێنێ، .بە مەرجێک هەڵبژاردن دادپەروەرانە و پاک بێت".