لە ٨٧هەمین دانیشتنی دۆزی ٥ کوردستانی لە شتوتگارت، کە ماوەى ٣ ساڵە لە ستامهیم بەردەوامە. داواکاری گشتیی ئەڵمانیا داوایکرد بە بەپێی ماددەی ١٢٣ (ماددەى بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر) سزای زیندانیکردن بەسەر ئەو کوردستانیاندا بەسەپێنرێت.
لە داواکەی داواکاری گشتیدا داوای قورسترین سزا بۆ ڤەیسەڵ س. بووە جێگای سەرنج و داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ڤەیسەڵ س.ی وەک "ئەندامی پەکەکە و بەڕێوبەر" پێناسەکردووە. خەباتی ڤەیسەڵ لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ – ٢٠١٨دا کردووە بە پاساو بۆ سەپاندنی سزای زیندانیکرد و داوایکردووە، ٥ ساڵ و ٤ مانگ زیندانیی بەسەردا بسەپێنرێت.
هەروەها کوردستانییەکانی تر بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی پەکەکە" دادگایی دەکرێن و داواکاری گشتی داوایکردوە ئۆزکان ت. ٣ ساڵ و ٩ مانگ، عەگید ک. ٣ ساڵ و ١٠ مانگ و جیهان ئا. کە لە دەرەوەی زینداندایە ١ ساڵ و ١٠ مانگ و ئەڤریم ئا، کە لە دەرەوەی زینداندایە ٢ ساڵ و ٦ مانگ سزای زیندانیان بەسەردا بسەپێنرێت.
بەپێی راگەیاندراوی پارێزەرانی ئەو کوردستانیانە "بانگەشەکانی پەیوەندیدار بە دۆزی ئەو کوردستانییانەوە بەشێکی پشت بەستووە بە دانپیادانانی، کەسێکی دانپیادانەر بەناوی ردڤان ئۆزدەمیر". تەنانەت داواکاری گشتی بڕوای بە بەشێکی زۆری ئەو دانپیادانانە نییە، بەڵام لەلایەکی ترەوە داواکاری گشتی تۆمەتی "بریندارکردن، دەستبەسەرداگرتن و رفاندن"ی خستووەتە پاڵ تۆمەتبارەکان.
داواکاری گشتی لە سکاڵا ١٧٠ لاپەڕەییەکەدا خەباتی سیاسیی کوردستانیان لە ئەڵمانیا خستووەتە چوارچێوەی "تاوان" و کارەکانی وەک کەمپەینی ئاشتی، رێکخستنی چالاکی، بڵاوکردنەوەی راگەیاندراو و بلیت، خەباتی هەڵبژاردن و لێدوانی رۆژنامەوانی بۆ دەزگا میدیاییە کوردییەکان وەک بەشێک لەو "تاوانانە" ناسێندراون، کە خراوەتە پاڵ ئەو کوردستانیانە.
دادگا بۆ بڕیاردان لەسەر داواکەی داواکاری گشتی و تانەى پارێزەرانی کوردستانیان رۆژی پێنجشەممە ١٥ی نیسان دانیشتێک بەڕێوەدەبات.
ژ.ت