دایکانی شەممە دیسان دەستگیرکران
سەرەڕای بڕیاری "پێشێلکردنی ماف"ی دادگای باڵای دەستووری، ئەوکاتەی دایکانی شەممە و مرۆڤانی شەممە بەرەو گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای دەچوون، کەلەپچەکران و دەستگیرکران.
سەرەڕای بڕیاری "پێشێلکردنی ماف"ی دادگای باڵای دەستووری، ئەوکاتەی دایکانی شەممە و مرۆڤانی شەممە بەرەو گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای دەچوون، کەلەپچەکران و دەستگیرکران.
دایکانی شەممە/مرۆڤانی شەممە، بە داخوازی پرسینەوە لە چارەنووسی بێسەروشوێنان و دادگاییکردنی تاوانباران، لە هەفتەی ٩٦١ هەمیندا ویستیان درێژە بە چالاکییەکەیان بدەن. دیسان چالاکی ئەم هەفتەیەش بەشێوەیەکی میزاجی لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگەی لێ گیرا.
لە چالاکی ئەم هەفتەیەی دایکانی شەممە/مرۆڤانی شەممە، سەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، ئەرەن کەسکین، بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەک پارێزەری مافەکانی مرۆڤ ئامادە بوون.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕەوشی ئاوارتە لە شەقامی ئیسیقلال، پۆلیس گوێی نەدایە بڕیاری "پێشێلکردنی ماف"ی دادگای باڵای دەستووری، ڕێگریان کرد لە ڕێپێوانی دایکانی شەممە و مرۆڤانی شەممە بەرەو گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای. پۆلیسەکان بڕیاری "قەدەغەکردن"ی قەیومییەتی بیۆغلۆیان پیشاندا، هێرشیان کردە سەر ڕۆژنامەوانان و لە گۆڕەپانەکە دووریان خستنەوە.
دایکانی شەممە و مرۆڤانی شەممە لەم هەفتەیەدا بە شێوەیەکی نایاسایی کەلەپچەکران و دەستگیرکران. بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی دەستگیرکراوان زیاترە لە ٢٠ کەس.
ناڕەزایەتی گەل
زۆرێک لەو کەسانەی لە نزیک ڕووداوەکە بوون و دەستگیرکردنەکەیان بینی، بە مۆبایلەکانیان و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ دیمەنەکەیان گواستەوە. پۆلیس بەو پاساوەی "ئەم کارەتان تاوانە" ڕێگەی لێ گرتن. گەل بە پۆلیسیان گوت، "ئێوە تاوان دەکەن، لەبەرئەوەی ئەمەی دەیکەن تاوانە، بۆیە ناتانەوێت دیمەنەکان بگوازینەوە".