لە بەشداربووانی کۆنفرانسی جیهانی گەنجان لە پاریس، چالاکی ئەرمەنی ڤەرج دبسیگیان هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر کوردستان و ئەرمینیا کرد.
دبسیگیان وتی:"من لە گروپی 'بۆ ڕۆژئاوا هەستە سەر پێ' هاتووم و ئەمڕۆ لە پاریس بۆ کۆنفرانسی جیهانی گەنجان کۆبووینەوە. لە هەموو جیهانەوە 400 گەنج لێرە کۆبوونەوە؛ لە ئەفریقا، کوردستان، قەفقاز، لە ئەوروپا و ئەمریکاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نوێیەکانی جیهان کۆبووینەتەوە، ئێمە مێژوومان بەبیر دێنینەوە کە چۆن تورکەکان جینۆسایدیان کردووین، دەربەدەریان کردین وکێشەی نوێی بۆ دروستکردین.ئەمڕۆ دەبینین کە مێژوو دووبارە دەبێتەوە، فاشیزمی تورک لە شێوەی دەوڵەتی ئازەربایجان لە ئارتساخ، لە ڕۆژهەڵاتی ئەرمینیا و ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی سیستماتیکی گەلەکەمان کۆچبەر دەکات و دەیکوژێت.
نەک تەنها لە ڕۆژئاوی ئەرمینیا، بەڵکو لە سوریا و لوبنان و عێراقیش دەکوژرێین. دەبینین ئەرمەن چۆن لە شوێنێکە لەدایک بوون و گەورەبوون کۆمەڵکوژ کران. هەوڵ دەدەن زمانمان قەدەغە بکەن، کڵێساکانمان، قوتابخانەکانمان لەناو ببەن. هەروەها دەبینین کە مەسیحییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیکی دیپۆرت دەکرێنەوە."
ڤەرج دبسیگیان گوتی:"ئێمە پێویستمان بە چارەسەری نوێیە لە دژی هێرشەکان، نابێت هەڵەکانمان دووبارە بکەینەوە و لەوەش گرنگتر دەبێت مێژوویەکی نوێ دروست بکەین، دەبینین گەنجانی کورد چۆن چاویان کردۆتەوە، مێژووی خۆیان فێردەبن و سەبارەت بەو جینۆسایدەی بەسەر ئێمەدا هاتووە بیر لە چی دەکەنەوە، کورد یەکەم کەسە کە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید دەدات، ئێمەی ئەرمەنیەکان دەبێت ئێستا چاومان بکەینەوە، دەبێت لە دۆخی پێشوومان ڕزگارمان بێت و هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە نیشان بدەین، پێکەوە لەگەڵ کوردان دەبێت بەردەوام بین لە بەرخۆدان."
دبسیگیان لە درێژەی قسەکانیدا وتی:" لە کۆنفرانسی گەنجانی پاریسدا لەگەڵ کورد و فەلەستینییەکان و هەموو ئەوانەی کە بەهۆی شەڕی سێهەمی جیهانییەوە زیانیان بەرکەوتووە پێکەوەین. سنوور دەگۆڕدرێت، مێژوو دەگۆڕدرێت نابێت پشت بە زلهێزە گەورەکان ببەستین، هەر بۆیە پێویستە یەکگرتوو بین، نەتەنها ئەرمەنەکان، بەڵکوو ئەرمەن لەگەڵ کورد یەکبگرن."