'دەبێت ڕێگای دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بکرێتەوە'

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ حسێن کوچۆکبالابان، ڕایگەیاند: پێویستە دەستبەجێ ڕێگای دیداری بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان کە یەکێکە لە کەسایەتیە گرنگەکانی چارەسەری کێشەی کوردە بکرێتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیحد) لە یەکێک لە هۆتێلەکانی ئامەد، "کۆنفرانسی ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد"ی ساز کرد. لەم کۆنفرانسەدا هاوسەرۆکانی ئیحد ئەرەن کەسکین و حسێن کوچوکبالابان، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران، نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زۆر کەس بەشدارییان کرد. لە کۆنفرانسەکەدا حسێن کوچۆکبالابان، هاوسەرۆکی ئیحد وتارێکی پێشکەش کرد.

کوچۆکبالابان ڕایگەیاند کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە پێداگری لەسەر ئاشتی کردووە و وتی: "پاراستنی ئاشتی مافی مرۆڤەکانە. سەقامگیری ئاشتی پەیوەستە بە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤەوە. ئێمە دەزانین کە هەر جۆرە نایەکسانییەک لە نێوان مرۆڤەکاندا هۆکاری سەرەکی نکۆڵی کردنە لە ماف و ئازادیەکان بۆیە شەڕ و ململانێ دێتە ئاراوە.

کوچوکبالابان بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە تورکیا وڵاتێکە کە ناتوانێت کێشەیەکی بنەڕەتی وەک پرسی کورد بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بکات، زیادی کردووە: لەبەر ئەم هۆکارە شەڕ و ململانێکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەردەوامن و زیانی زۆری لێکەوتووتەوە.

  کۆچوکبالابان ڕاشیگەیاند، بەهۆی کێشەی چارەسەرنەکراوی کورد و هەڵگیرساندنی شەڕ و ململانێەکانەوە، ڕووبەڕووی، ژینگەی شەڕ و ململانێ، گوشار و توندوتیژی بووینەتەوە و هێرشی ڕەگەزپەرستی، ڕق و کینە درێژەی هەیە."

بەردەوامی چارەسەر نەکردنی پرسی کورد خەسارێکی قورسی بەدوای خۆیدا هێناوە کە بە شەڕ قەرەبوو ناکرێتەوە. شەڕ زیاتر قەیران و هەژاری لە گەڵ خۆی دێنێت. تەنها ڕێگای ڕزگاربوونمان لە هەموو ئەم قەیرانانە بە ئاشتی دەکرێت.

  بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی کۆمەڵایەتی پێویستە واز لە نکۆڵیکردن لە پرسی کورد بهێندرێت و ئەم کێشەیە قبوڵ بکرێت. پێویستە دەستبەجێ ڕێگەی چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بکرێتەوە کە یەکێکە لە کەسایەتیە گرنگەکانی چارەسەرکردنی کێشەی کوردە. ڕێگای دانوستان بکرێتەوە و گەرەنتی بەشداری کەرتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە پرۆسەکاندا بدرێت.