'دەبێت کورد سەنگەرەکانیان بە باشی بپارێزن'
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هێلین ئومێد ئاماژەی بەوەدا ئەم قۆناغە بۆ گەلان قۆناغێکی چارەنوسسازە و وتی: "کورد دەبێت سەنگەرەکانی خۆی بپارێزێت و تێکۆشانی بەهێزتر بەڕێوەبەرێت."
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هێلین ئومێد ئاماژەی بەوەدا ئەم قۆناغە بۆ گەلان قۆناغێکی چارەنوسسازە و وتی: "کورد دەبێت سەنگەرەکانی خۆی بپارێزێت و تێکۆشانی بەهێزتر بەڕێوەبەرێت."
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هێلین ئومێد لە میانی بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەردا، هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.
هۆکاری بنەڕەتی هەڵوەشاندنەوەیی سووریا نەبوونی دیموکراسی بوو
هێلین ئومێد ئاماژەی بەوەدا ڕووداوەکانی سەر سووریا زۆر لە ناکاو و خێرا ڕوویاندا و وتی: "چەندین لایەن و کەس لە چاوەڕوانی ئەوەدا نەبوون شتەکان ئاوا بە خێرایی ڕووبدات. بێگومان هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی سووریا تەنها لەبەر ئەم ڕووداوانە نەبوو. ڕژێمی سووریا ماوەی ١٢ ساڵە لە لایەن هەندێک هێزەوە پارێزگاری لێدەکرا و ڕاگیرابوو. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگیرێت. گەر ئەو پشتگیری کردنە نەبوایە ئەوا زۆر زووتر هەڵدەوەشایەوە. هاوسەنگییەکانی ناوچەکەکە ڕژێمەکەی ئەسەدەی ڕاگرتبوو.
بێگومان هەر هێزێک کە دەیەوێت لەسەر کۆمەڵگە کاریگەر بێت دەبێت لەگەڵ کۆمەڵگەکەیدابێت. ئەمە شتێکە و تەڤگەرمان جەختی لەسەر ئەمە کردووەتەوە و شتەکە تازە نییە.
هێلین ئومێد باسی لەوەکرد وەک ئەو شیکارییانەی تەڤگەرییان لەسەر دەوڵەتە توندوتیژەکانی وەک تورکیا، عێراق، ئێرانی دەکرد، دەربارەی سووریاش هەمیشە گوتوویانە دەبێت سووریا دیموکراتیک ببێت و وتی: "دیموکراتیک نەبوونی سووریا هۆکاری سەرەکی پرسەکانی سووریا و دواجار هۆکاری ڕووخاندنی ڕژێمی سووریا بوو. لەگەڵ ئەو فرە پێکهاتە و باوەڕدارییە جیاوازانەی سووریادا نەیدەتوانی سیستەمێکی دیموکراتیک بونیاد بنێت."
'مانەوە بە خۆگرێدان بە هێزی دیکەوە نابێت'
لە بەردەوامی هەڵسەنگاندنەکەییدا هێلین ئومێد وتی: "سووریا فرە پێکهاتەیە و خاوەنی دەوڵەمەندییەکی کۆمەڵایەتییە. بە هۆکاری ئەوەی نەیتوانی هاوسەنگی و ئاشتی ناخۆیی خۆیی پێکبهێنێت، دەرنجامێکی لەم شێوەیەیی لێکەوتەوە.
لەم سەردەمەدا بە خۆسپاردن بە هێزی دیکە، هیچ هێزێک توانای خۆ ڕاگرتن و مانەوەی نییە. تەماشەکەن لە ئێستادا لە سووریای نوێدا گفتوگۆ دەکرێت. ئەوانەی ئەم گفتوگۆیانە دەکەن دەبێت ئەم ڕاستییە بزانن. دەوترێت 'گوایە دەسەڵاتداری عەلەوی کۆتایی هات و سوونی جێگەی گرتەوە. بە نەمانی ئەسەد هەموو کێشەکانی سووریا چارەسەر بوون. ئیدی سووریا ئازاد بوو'. پێناسەی ئازادی هێندە پێناسەیەکی سادە و ئاسان نییە. ئازادی شتێک نییە بە گۆڕینی دەسەڵات بێتە ئاراوە. ئازادی لەوە زیاتر پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراتیک هەیە کە گەل پێکەوە کولتووری ژیان دروست بکەن، خۆیان بگەیەنن بە نەتەوەی دیموکراتیکی و لەسەر ئەو بناغەیە کۆ ببنەوە. ئەو گفتوگۆیانەیی لە ئێستادا لە ئارادان لەو چوارچێوەیەدا نییە."
پڕۆسەی دیزانکردنەوەی هەرێمەکە بەڕێوەدەبرێت
هێلین ئومێد ئاماژەی بە دۆخی ئیسرائیل کرد و وتی: "ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لە جوڵەیەکی هەژمونخوازییدایە، هەوڵدەدات خۆی درووستبکات. ئەو هێرشانەی لە ٧ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە ئارادایە لەسەر ئەم بنەمایە هەڵسەنگاند. ئەوەی لە ئارادایە، لە ڕاستییدا چڕیی و داڕشتنەوەیی هەژموونگەرایی سەرمایەداری لە ناوچەکە لێرە بەدواوە لەسەر ئەم بنەما هەرێمییە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە.
کەس ناتوانێت نکۆڵی لەمە بکات. ناتانیاهۆ هەستا و قسەیکرد، نەک لەبەرئەوەی کە ئەو وا دەڵێت، خۆم وا دەڵێم. ڕووداوەکانی ناوچەکە هەموو ئاماژەیە بۆئەوەی پرۆسەی سەرلەنوێ دیزاینکردنەوە لە ئارادایە. لەم سەروبەندەدا ناوی جۆلانی دەهێندرێت. لە یەکەم قسەییدا ئاماژەی بەوەدا ئامادەن لەگەڵ ئیسرائیلدا چاوپێکەوتن و کۆبوونەوە بکەن. دژبەری ئێرانە. لێدوانی دا کە لە دژی گرووپە شیعییەکان تێدەکۆشێت. ئەمە سەرنج ڕاکێشە.
ئەو سیستەمەی لە ئیدلب دایان مەزراند بوو، سیستەمی شەڕانگێز و شەڕکردن بوو. زۆرینەیان لە بنەڕەتدا دەگەڕانەوە بۆ گرووپی ئەلقاعیدە، زۆرینەیان لەگەڵ داعشدا بوون. بۆیە لە بڕیی ئەوەی لە دژی ئیسرائیل بن، دۆخێکی لەم شێوەیە دێتە پێشمان.
بۆیە دەبێت ببینین کە شتەکان پەیوەندییان پێکەوەیە. ڕەنگە تا ئەوکاتەی دەسەڵاتداری خۆیان درووستبەکەن پەیمانی لەم شێوەیە بدەنە جیهان. بەڵام دیسانەوە دۆخەکە پێویستی بە لێ تێگەشتنی باش هەیە.
لە ڕووی ڕەهەندی ئایدۆلۆژییەوە گەر قۆناغەکە هەڵسەنگێندرێت، بەڕاستی لە سووریایی نوێدا دۆخێکی نادیار لە ئارادایە. ئەو شتەی سەرەتا باسکراو ئەوەبوو کە هەموو گرووپەکان چەک دانێن. بۆچی داینێن؟ شتێک لە ئارادا نییە کە داینێن. ڕوانگەیەک بۆ ئایندە نییە. بەڵێ با یەکپارچەیی سووریا بپارێزرێت. بەڵام ئەوە چۆن دەپارێزرێت؟ پێشتریش ئەسەد ئەمەی نەدەویست. ئەو هێڵەی ئەسەد پارێزگاری لێ دەکرد لەسەر پارچەکردنی سووریا نەبوو. بۆئەوەی سووریا پارچە نەبێت بە گوێرەی خۆیی هەڵوێستی نیشاندا. ویستی خۆی بسپێرێت بە هێزی دیکە. خۆی سپاردە ڕووسیا و ئێران. بەڵام نەیتوانی ئەنجام بە دەستبهێنێت. سەرکوتوو نەبوو و ڕووخا.
تا سیستەمێک بونیاد نەنرێت کەس بڵاوە بە هێزی خۆپارێزی خۆی ناکات
لە ئێستا هێزی دیکە دەرکەوتوون و دەڵێن، یەکپارچەیی سووریامان دەوێت. تۆ خۆت دەسپێرییتە چی و ئەمەت دەوێت؟ یەکپارچەیی سووریا لەسەر کام پێوانە دەبێت؟ لە ئێستاشدا لە عەفرین هێزی داگیرکەر بوونی هەیە. تاکو ئێستا هیچ قسەیەک لەم بارەوە نەکراوە. ئایە کۆتایی بە داگیرکاریی دەهێندرێت؟ ئایە خەڵکەکە لە لایەن کێ-وە دەپارێزرێت؟ لە سەریکانێ کۆتایی بە داگیرکاری دەهێندرێت؟ کوردان لە دژی هێرشە کۆمەڵکوژییەکانی داعش ١٠ هەزار شەهیدییان دا. لە دژی هێرشە داگیرکاریی و قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورک هەموو ڕۆژێک شەهید دەدات. ئایە دەربارەی ئەم پرسانە چی دەکرێت؟ گرنتی حکومەتی نوێ چی دەبێت؟ گرنتییەکی لەم شێوەیە دەکرێت؟ بۆچی دەستبەرداری چەک ببن؟ بۆچی بە یەپەژە و قەسەدە دەڵێن چەک دانێن. لە دەستپێکی ئەم گفتوگۆیانەوە بەڕاستی ئەمانە مرۆڤ دەخاتە گومانەوە. نموونەیەک ئایە دۆخی ژنان چی دەبێت؟ یەپەژە چی دەبێت؟ یەپەژە هێزی پاراستنی ژنە. هەڵوێستی جۆلانی و گرووپەکەی لە بەرانبەر ژنان چییە؟ بە دانانی دووژن لە تەنیشتی خۆییەوە گرەنتی مافەکانی ژنان ناکرێت. دۆخی مەسیحییەکان چی دەبێت، ڕەنگە لەمڕۆدا لە کڵیسادا پاڕانەوەکان کرابێت. ئایە چۆن بزانین ئەمە هەڵخەڵەتاندنێکە یان نا. چۆن گرەنتی ئەمانە دەکرێت؟ لەو کاتەدا تا ئەنجوومەنێکی دیموکراتیکی دانەمەزرێنرێت، تا مافی گروپ، مافی کۆمەڵایەتی، مافی کەسی لە دەستووری بنەڕەتییدا دەستنیشان نەکرێت، هیچ کەسێک دەستبەرداری سەنگەری خۆپاراستی خۆی نابێت. هیچ کەسێک ناتوانێت کۆتایی بە هێزی خۆپارێزی خۆی بهێنێت. لەبەرئەوەی مەترسی و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی لە ئارادایە.
لە دەستی ئیسرائیلدا دیزانکردنێکی جیهانی لە ئارادایە. هەندێک هێز دەستوەردان دەکەن. هەموو کەسێک بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی دەستوەردان لە پرۆسەکەدا دەکات. پرۆسەکە بە ئیرادە و هەڵوێستی یەکلایەنە بەڕیوەناچێت. تەماشاکەن دەوڵەتی تورک دەڵێت من کردم. تورکیا لە کەشوهەوانی جەژندایە، ڕۆشتنە مزگەوتی ئەمەوی بۆ ئەنجامدانی نوێژ، چاوپێکەوتنی تایبەت. بە جەختکردنەوە هەوڵدەدات پەیوەندی ئۆرگانی لە نێوان خۆی و هەتەشە نیشان بدات. دەیەوێت ئەو ئیدارە نوێیەی لەوێ دادەمەزرێت پەیوەستیکات بە خۆیەوە.
تورکیا ئێمە دەکاتە پاساو و بە هەموو لایەکدا هێرش دەکات. لە هەموو جێگەیەک هێرشەکان بە ئامانجی داگیرکاری بەڕێوە دەبات. تا دوێنی بە هەتەشەیان دەگوت تیرۆرست، لەمڕۆدا دەیکەنە ئۆپۆزسیۆن.
بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوانەی دەمانبیستن، بۆ هەتەشە، بۆ جۆلانی یان بۆ ئەوانەی کە خواستییان سووریایەکی یەکپارچە، بەهێز و ئازادە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە خاوەنداری لە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بکەن. گەر نەتەوەی دیموکراتیک پێکبهێندرێت ئەوا گەلان دەتوانن پێکەوە بژین و پێکەوە ببنە هێز."
هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی ئازادی
هێلین ئومێد بە ئاماژەدان بەوەی کە دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانی بۆ سەر کورد، لە شەڕی کۆمەڵکوژییدا، لە ڕادەبەدەر نیازەکانی ئاشکرا بووە، وتی: "ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە، بەتایبەتی ئەردۆغان، هەست بە سەرکردایەتیکردنی ناوچەکە دەکات. هەر بۆیە ڕاستەوخۆ ناڵێت هێرش دەکەمە سەر کورد، من کورد قبوڵ ناکەم. بەڵکوو پەکەکە و تێکۆشانی ئێمە دەکاتە بیانوو و هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان و هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی. ئەمە شەڕێکی ڕەوا نییە، بەڵکو شەڕێکە کە لەسەر بنەمای عەقڵیەتێکی گڵاو بەڕێوەدەچێت، نەک بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا.
هێرش دەکاتە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و دەیەوێت ئەگەر دەرفەتی بۆ ڕەخسا ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتن ئەنجام بدات. هەرێمەکە و تەنانەت تەواوی خاکی کوردان بە مەیدانێک بۆ فراوانکردنی نەتەوەپەرەستی تورک دەزانێ. هەروەها لە قسەکانی باغچەلیدا دەرکەوت کە دەیەوێت بڵێت؛ 'ئەوان خوشک-برای ئێمەن بەڵام تورکن و پێشنەکەوتوون.' ئەم پلانە شکستی هێنا، بەڵام هێشتا هەوڵی ئەوە دەدەن لەوێوە بەرەو پێش دەچن. بەردەوام دەیانەوێت کورد ڕووبەڕووی خەسار و زیان بکەنەوە، دەیانەوێت کورد قوربانی بدات. بەردەوام دەڵێن ئێمە لە دۆخ و پرۆسەیەکی هەستیارداین، دەبێت یەکگرتوو بین؛ بەچ شێوەیەک؟ ئەگەر هەمووان ببنە تورک، ئەوا یەکڕیزی بەدی دێت. ئەم ڕێبازە هەم لە باشووری کوردستان و هەم لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت. ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی نکۆڵی کردنەوە گەلی کورد بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە."
ئامانجی تورکیا داگیرکارییە
سەبارەت بە هەڵوێست و ڕێبازی دەوڵەتی تورک لەمەودوا، هێلین ئومێد وتی: "دەوڵەتی تورک لە پرۆسەی داهاتوو و لەم پرۆسەیەدا دەیەوێت چ بکات؟ ڕایگەیاند؛ ئەو چەتانەی کە بەخێوی کرد، NSA و ئەو چەتەکانی کە لە کەمپەکانی تورکیادا بوون، لە ناوچە داگیرکراوەکاندا پەروەردە و ڕاهێنانیان پێکراوە و دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەکاریان دەهێنن. پاڵپشتی سەربازی زیاتر دەکات. دەیەوێت هەرێمەکە داگیر بکات و پەێوەستی جوگرافیای خۆی بکات. چونکە یاشار گولەر یەکسەر لێدوانێکی دا و وتی: "دەتوانین پشتگیری و پەروەردەیان بکەین. تەنها داواکاری بکەن و بەوشێوەیە ڕەوایەتیمان پێ بدەن. هەرچەند هێشتا حکومەتی ئێستای سوریا ڕەوا نییە. هێشتا هەمووان بە وریاییەوە لە گەڵ دۆخەکە دەجووڵێنەوە بە تایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها هێزەکانی ناوچەکەدا ئامادەن و بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن. بەڵام تورکیا هەوڵدەدات بە خێراییەوە پلانەکانی جێبەجێ بکات.
هێرشەکان بۆ سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوە دەچێت. لە منبج، تشرین، لە تەل ڕفعەت بەو شێوەیە. بە سەرکەوتنی ساختە هەوڵی فریودانی کۆمەڵگای تورکیا دەدەن. چالاکی هەواڵگری و سیخوڕی پەرە پێداوە. ئەم هەوڵانە بە واتای شەڕی تایبەتە."
" تورکیا ڕەوڵی زۆری لە وێرانکردنی سوریادا بووە"
هێلین ئومێد، بە ئاماژەدان بەوەی کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوام دەبن، وتی: "بە تایبەتی چەتەکان بەکاردەهێنن. تورکیا لەسەر ئەم چەتانە خەون و خەیاڵێکی زۆری هەڵچنیوە. پەرەوردە و ڕاهێنانیان بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ بوو. سەرەتا لە لیبیا دەستیان پێکرد. لە بوارە جیاوازەکاندا هەوڵیان دا. ئێستا دەیانەوێت NSA وەک هێزێکی داگیرکەر بەکاربهێنن. دەیانەوێت وەک خزمەتکار و نۆکەر بەکاریان بهێنن. هەروەها دەیانەوێت لەسەر ئەم بنەمایە پلانی هەژموونی خۆیان لە هەرێمدا جێبەجێ بکەن.
ڕەوڵی دەوڵەتی تورک لەم وێرانکارییەی سوریادا زۆر گەورەیە. دەوڵەتی تورک هەر لە سەرەتاوە لە پڕۆسەی داگیرکردنی سوریا لە پلاندا بوو. لە ڕاستیدا دەکرا ڕۆڵێکی دیکەی بنوێنێ. ئەگەر تورکیا دیموکراتیک بوایە، ئەگەر پرسی کوردی چارەسەر بکربایە، ئەگەر لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە پشتی بە هێڵێکی کۆنەپەرستی و فاشیستی نەبەستبا، ئەگەر زیاتر کراوە هەمە لایەنە بووایە و ئازادی ژنانی لەبەر چاو بگربایە، تورکیا دەیتوانی کاریگەری ڕاست و دروست لەسەر سوریا دروست بکات. دەیتوانی ڕۆڵێکی لەو شێوەیە بگێڕێت. بەڵام لەبەر ئەوەی عەقڵیەتی پاوانخوازی و داگیرکاری لە مێشکدایە، ڕەوڵی نەرێنی دانا لە ڕووخانی سوریا. ئێستا دوڵەتی تورک دەڵێت ئەوێ ڕووخاوە، من دروستی دەکەمەوە. دەیەوێت لە ڕێگەی دەستوەردانی ئابووری و سەربازییەوە ناوچەکە بخاتە ژێر داگیرکاریی خۆیەوە. تورکیا دەڵێت ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکردووە، ئەگەر ئیسرائیل ئەمە بکات منیش لە عەفرین هەمان شت دەکەم و ئەم شوێنە پەیوەستی خاکی خۆم دەکەم."
"ئێمە تا ڕادەیەک بەئامادەکارییەوە چووینە ناو پرۆسەکەوە"
هێلین ئومێد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "بەسایەی ڕێبەر ئاپۆ، پێشتر پرۆسەکەمان هەڵسەنگاندووە و بەم شێوەیە دەستمان پێکرد. ئێمە بۆ بارودۆخی شەڕی جیهانی سێیەم بێ ئامادە نەبووین. ڕێبەرایەتیمان بە بەرهەمەکانی لە ئیمراڵی و بە تایبەت لە ڕێگای پێنج بەرگی پارێزنامە بەنرخەکانی، چارەسەری بۆ ئەم کێشە مێژووییانە پێشنیار کردووە.
بۆیە ئێمە له بەرامبەر قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ململانێکانی، ڕێبازی ڕزگاربوون لە دۆخەکە، به شێوەیەکی بەرچاو و ئاماده چووینه ناو پرۆسەکەوە."
هێلین ئومێد ڕایگەیاند؛ گرنگترین شت بۆ ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک وەکوو ڕێبازی چارەسەری بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.
هێلین ئومید سەرهەڵدانی تێکۆشانی دیموکراتیک بۆ کۆمەڵگا زۆر گرنگ دەبینێت و وتی: "تەنها ئەمە دەتوانێت گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی و شەڕ و بپارێزێت".
هێلین ئومێد بە ئاماژەدان بەوەی کە گەلی کورد ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت لە ڕزگاربوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاژاوەگێڕی، وتی: "سوپای تورک و دەوڵەتی تورک کە هەوڵی لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەدات، دەیەوێت ئەم کارە لە ڕێگەی گرووپەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە جێبەجێ بکات.
هەروەها زۆر گرنگە کورد بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەییەوە لە گەڵ پرۆسەکە نزیک بێتەوە. هەروەها پێویستە لەگەڵ دۆستانمان، هێزە دیموکراتیکەکان، سۆسیالیست و ئازادیخوازان لەم کاتەدا تێکۆشانی زیاتر پەرە پێبدرێت."
هێلین ئومێد سەبارەت بە ڕۆژئاوا، جەختی لە گرنگی ئامادەکاری بۆ شەڕی گەلی شۆڕشگەری کردەوە و وتی: "شەڕی گەلی شۆڕشگەری شەڕێکە گەل ستراتیژی شەڕەکە خۆی بەڕێوەی دەبات و خۆی دەپارێزێت. پێشەنگەکان خودی کۆمەڵگان، ئەوان پێشەنگایەتی ڕەوشەکە دەکەن، ڕێگا و ڕێبازەکان دەست نیشان دەکەن و پەرەپێدەدەن. لە جیهاندا نموونەی هەبووە بۆ نموونە لە غەززە گەل سەرەڕای هێرشە قورسەکان خاکی خۆیان بەجێ نەهێشت و لە هەمان کاتدا هەڵوێستێکی گرنگیان نیشان دا.
لە ڕۆژئاوا بە پشتبەستن بە ستراتیژی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، هەر کەسێک لە تەمەنی ٧بۆ ٧٠ ساڵان دەبێت بەرەنگاری شەڕ بیتەوە و هەڵوێست نیشان بدات. لە ڕاستیدا ئەو پەیامانەی کە دەدرێن بەم شێوەیەن. لە چاوپێکەوتنە گشتیەکانی ڕۆژئاوادا ئەم ئیرادەیە دەبینین. ئەمەش دەبێت پەرەی پێبدرێت. بێگومان دەبێت بە هێزەوە بەرگری لە پێگەکانمان بکەین. دەبێت بەهێزەوە شەڕ بکرێت. بۆیە لە سەردەمێکداین کە دەتوانین چارەنووسمان بەدەستی خۆمان دیاری بکەین."