"تا دەرگاکانی ئیمراڵی نەکرێنەوە، چارەسەر نایەتەدی"

لە چالاکی ئێشکگری لەسەر سنووری نسێبین_قامیشلۆ، بانگەوازکرا "دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە" و سڵاو لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا کرا.

چالاکی ئێشکگری لەسەر سنووری نسێبینی مێردین_قامیشلۆ دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سوریا، ٦ ڕۆژە بەردەوامە. هاوڵاتیان لە بەیانییەوە لەسەر سنووری نسێبین_قامیشلۆ کۆبوونەوە. بەشداربووان یەلەکیان پۆشی بە نووسینی "نا بۆ شەڕ" و "ڕۆژئاوا شکۆی ئێمەیە"، هەروەها درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "ڕۆژئاوا شکۆی ئێمەیە"یان بەرزکردەوە.

لە شارەکانی دەوروبەرەوە زۆر کەس بەشداربوون، هەروەها جەماوەرێکی زۆر لە ئامەدەوە بەشداربوون. چالاکوانان لەسەر سنوور ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.

هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد، سوڵتان یارای لە چالاکییەکەدا قسەی کرد، جەختی کردەوە لە پێویستی یەکێتی کوردان و خاوەنداری لە دەسکەوتەکان، چونکە هێرشەکان دژی دەسکەوتەکانی کوردان ئەنجام دەدرێن، گوتی: "گەلی کورد دەیەوێت بە ئازادی لەسەر خاکەکەی بژی. لەگەڵ چەتەکان نا، لەگەڵ کورد کۆببنەوە. بانگەواز لە هەموو کوردان و دۆستەکانمان دەکەین، لەدەوری ڕۆژئاوا یەکبگرن".

پەرلەمانتاری دەم پارتی کاموران تانهان ئاماژەی بەوە کرد دەسەڵات لەلایەک دەڵێت لەگەڵ کورد "خوشک و براین" کەچی لەڕێگەی چەتەکانەوە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا، گوتی: "ناونیشانی چارەسەری پرسی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانە. هەمووان لەوێ بەدوای نەوتەوەن، بەڵام بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی تێدەکۆشێت. بەڕاستی ئەگەر چارەسەری پرسەکەتان دەوێت، دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە، با هەمووان بزانن کە ئۆجالان چی دەڵێت".

تانهان گوتی: "ڕۆژئاوا دڵی ئێمەیە، دڵی کوردستانە. دڵی خۆمان جێناهێڵین، تێدەکۆشین".