یەپەژە ناسنامەی ٢ شەهیدی بەرخۆدانی تشرین و قەرەقۆزاقی ئاشکرا کرد
فەرماندەیی گشتی یەپەژە، ئارژین مەروان و زەینەب وڵاتی بیرهێنایەوە کە لە بەرخۆدانی تشرین و قەرەقۆزاق شەهیدبوون، گوتی: "بەبێ ترس و دوودڵی بەرامبەر دوژمن بەرخۆدانیان کرد".
فەرماندەیی گشتی یەپەژە، ئارژین مەروان و زەینەب وڵاتی بیرهێنایەوە کە لە بەرخۆدانی تشرین و قەرەقۆزاق شەهیدبوون، گوتی: "بەبێ ترس و دوودڵی بەرامبەر دوژمن بەرخۆدانیان کرد".
فەرماندەیی گشتی یەپەژە بە ڕاگەیاندراوێک ئاشکرای کرد لە بەرخۆدانی تشرین و قەرەقۆزاق لە ٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ٢ شەڕڤانیان بە ناوەکانی بەرفین محەمەد (ئارژین ڕەشید مەروان) و زەینەب محمەد (زەینەب وڵات) شەهیدبوون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
"لە ٢٧ی تشرینی دوومەوە، هێزە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک لە سوریا چالاک بوون و هێرش و دەستدرێژی و ستەم و تاڵان و قڕکردن دژی گەل ئەنجام دەدەن. لە بەرامبەر ئەم ڕەوشەدا هێزەکانی پاراستنی گەل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرخۆدانێکی بێوێنە لە دژی هێرشەکان بەڕێوەدەبەن. بەتایبەت لە هێڵی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین، ڕۆژانە شەڕڤانانی ئازادی بە ئیرادە و باوەڕێکی زۆرەوە شۆڕشەکەیان دەپارێزن لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی ئاسمانی و زەمینی کە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە ئەنجام دەدرێت.
هەڤاڵانمان زەینەب وڵات و ئارژین ڕەشید مەروان لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی قڕکەر و فاشیستی تورک لە ٨ ی کانوونی یەکەم شەهیدبوون.
بەرفین محەمەد بە ناسناوی ئارژین ڕەشید مەروان و زەینەب محمەد بە ناسناوی بە زەینەب وڵات وەک دوو ژنی تێکۆشەر و ئازادیخواز، دژی هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی فاشیستی تورک، لە بەرەی قەرەقۆزاق بۆ پاراستنی خاک و نیشتمانەکەیان، بۆ ژیانێکی یەکسان و یەکگرتووی گەلان، جەستەی خۆیان کردە قەڵغان و تێکۆشانێکی مەزنیان کرد.
شەهید زەینەب وڵات لە شاری بەرخۆدانی کۆبانێوە چاوی بە دونیا هەڵهێنا و هەر لە منداڵییەوە تێکۆشانی ئازادی ناسی. داستانەکانی شەهیدانی بەرخۆدانی کۆبانێ هەموو ساتەکانی ژیانی دەڕازاندەوە و بوونە هەوێنی عەشقێکی مەزنی وی بۆ ئازادی. بەشداربوون و شەهیدبوون لەنێو بنەماڵەکەیدا، کاریگەری کردە سەری، لە ساڵی ٢٠٢٢ هاتە ڕیزەکانی یەپەژەوە.
شەڕڤانمان زەینەب وڵات بەرامبەر هەموو جۆرە هێرش و داگیرکارییەکی سەر وڵاتەکەی، دڵی پڕ بوو لە هەستی تۆڵەسەندنەوە. تا کۆتایی باوەڕی بە ژیانی ئازاد و یەکێتی گەلان هەبوو، بەمەش پێداگری و هەوڵی خۆبنیاتنانی لەسەر بناغەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ پتەوتر کرد. توانی لەماوەیەکی کەمدا پێوەرەکانی جەنگاوەری و هێڵی نەبەزیوی ژنی ئازاد، هێڵی سەربەرزی و قبووڵنەکردنی بندەستی و ستەم، لەخۆیدا بنیات بنێت. چونکە دەیزانی بێ ئازادی و شکۆ، ژیان بەهایەکی نییە. ژیان یان ژیانێکی ئازادە، یان دەبێت ئەم ژیانە لەپێناو ئازادی فیدا بکرێت. بۆیە بێ ترس و دوودڵی خۆی بە هەستی ئازادی ئاڕاستە کرد و لە شەڕێکی سەختی قەرەقۆزاقدا وەڵامی دوژمن و نەیارانی دایەوە.
شەڕڤانمان ئارژین ڕەشید مەروان لە شاری عەفرین لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لەدایکبوو. وەک گەلی عەفرین بە قووڵی هەستی بە مانای خاک و نیشتمانپەروەری دەکرد. بۆیە لە قۆناغی ململانێ و شەڕی توند لە هەرێمەکەدا، ئەو وەک گەنجێک بەرپرسیارێتی پاراستنی لە سەر شانی خۆی هەڵگرت و پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کرد. هەڤاڵمان ئارژین مەروان ڕێپێوانی شۆڕشگێڕانەی خۆی لەسەر ڕێچکەی خاڵی شەهید وڵات عەفرین کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە چیا ئازادەکاندا دژی داگیرکاری شەڕی کرد و شەهید بوو، هەروەها خاڵۆزەکەی وڵات هێرش کە لە ساڵی ٢٠١٣ شەهید بوو، بنیاتنا. بەشداری شەڕی ڕزگارکردنی شەهبا و بەرخۆدانی سەردەم و بەرخۆدانی شکۆی کردووە و وەک جەنگاوەرێکی پسپۆڕ لە شەڕدا، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو. هەمیشە بەدواداچوونی بۆ ڕاستی شەڕ و هێرشی دوژمن دەکرد. بۆیە هەوڵیدا وەک شەڕڤانێک لە هەموو بوارەکانی شەڕدا، بەتایبەتی لە لقی سابۆتاژ پەرە بە خۆی بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت بە هەموو شێوەیەک لە دژی دوژمن تێکۆشان بکات.
هەڤاڵمان ئارژین کەسێتییەکی دڵسۆز و کۆمەڵایەتی هەبوو. پەیوەندی نزیکی لەگەڵ هەموو هەڤالەکانی هەبوو. بۆ ئەو هەڤاڵێتی و پێوەرەکانی شۆڕشگێڕی لە هەموو شتێک لەپێشتر بوون. بۆیە هەرگیز سازشی لەو پێوەرانە نەکرد و ڕادیکاڵانە تێکۆشا. بۆیە نەوەک تەنها بەشێوەی جەستەیی بەرامبەر دوژمنی شەڕی کرد، هاوکات بەرامبەر هەموو جۆرە کاریگەرییەکانی سیستەم شەڕێکی بەهێز و نەپساوەی کرد. وەک هەزاران شەهید نەمر، ناوی خۆی لە لاپەڕەکانی قارەمانێتی نووسییەوە و هەرگیز لەیاد ناکرێت.
بە ڕێز و سوپاسەوە شەهیدانی ئازادیمان بیردەهێنینەوە. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەڤاڵانمان ئارژین ڕەشید مەروان و زەینەب وڵات و گەلەکەمان و هەموو هەڤاڵان دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە لەم ڕۆژانەدا کە هێرشی سەخت و دڕندانە هەیە دژی گەلانمان و دەسکەوتەکانی شۆڕش بەتایبەت لە کەسێتی ژناندا، تا کۆتایی درێژە بە بەرخۆدانی ئازادی دەدەین و لێپرسینەوەی مێژوویی لە هەموو جۆرە هێرش و داگیرکارییەک دەکەین.
بانگەواز لە گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین، لە هەموو کاتێک زیاتر پشتیوانی شەڕڤانەکانیان بکەن، بە زیهنیەتی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی خۆیان ڕێکبخەن و وەک چۆن چەندین جار سەلماندمان کە ژیانی ئازاد سەردەکەوێت، با دووبارە سەرکەوتنی خۆمان نیشانی جیهان بدەینەوە، بەم جۆرە دەتوانین وەڵامگۆی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان بین، تۆڵەیان بکەینەوە و خەونەکانیان بەدی بهێنین".
ناسنامەی شەهیدان:
ناو و پاشناو: بەرفین محەمەد
ناسناو: ئارژین ڕەشید مەروان
ناوی دایک: جیهان
ناوی باوک: مستەفا
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٨/١٢/٢٠٢٤_ قەرەقۆزاق
ناو و پاشناو: زەینەب محەمەد
ناسناو: زەینەب وڵات
ناوی دایک: فاتمە
ناوی باوک: فارس
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٨/١٢/٢٠٢٤_ قەرەقۆزاق