کوردستانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ـەوە هەموو چوارشەممەیەک لە گۆڕەپانی نەیشن لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدەن.
لە چالاکی ئەم هەفتەیەدا، لە کەسێتی ئەو قارەمانانەی لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سوریا شەهیدبوون، خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدان نیشان درا.
پاشان لەسەر ناوی کۆمیتەی چالاکییەکانی ژنێڤ ڕەمەزان کزلکورت قسەی کرد و سڵاوی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا کرد.
کزلکورت ڕایگەیاند هەموو هەفتەیەک لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری دەکەن، بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سوریا لەسەر ڕۆژئاوا، شەرمەزار کرد.
لەکۆتاییدا بانگەوازی لە هەموو پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کرد: "گوێ بدەنە دەنگی گەل و یەک بگرن".
لەسەر ناوی کۆمیتەی چالاکی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" فەیسەڵ کوشکانادی ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.
کوشکاندی ئاماژەی بەوە کرد، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس قۆناغێکی نوێ لە سوریا دەستی پێ کرد، دەوڵەتی تورک ئەمە بە دەرفەتێک دەبینێت و هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا ئەنجام دەدات و پلان بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ دادەنێت کە سیمبولی تێکۆشانە دژی داعش.
هەروەها گوتی: "ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ، گەلانی هەرێمەکە و جیهان لە هەڕەشەی داعش و هاوبیرەکانی دەپارێزێت. کۆبانێ سیمبولی مەزنبوونی بەها گەردوونییەکانە و هاوکات ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بۆ بنیاتنانی جیهانێکی دیموکراتیک".
کوشکاندی تیشکی خستەسەر ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ هەرچەند ٢٦ ساڵە لەژێر هەلومەرجی سەختی گۆشەگیرییدایە، بۆ کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین هەوڵی ئاشتییەکی شکۆدار دەدات، بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، تاکە چارەسەری ئاشتی درێژخایەنە.
لەکۆتاییدا گوتی: "ناونیشانی ئاشتی ئیمراڵییە. ئەو ڕۆژەی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ پیادە دەکرێت، ئەو ڕۆژە ئاشتییەکی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دێتەدی".