ئەمڕۆ چوارشەممە، کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی نووسینگەی کەرکوکی لیژنەی مادەی ١٤٠، سەبارەت دواین زانیارییەکان لەسەر دۆخی زەوییە داگیرکراوەکانی کورد لەلایەن عەرەبی هاوردەوە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد و تێیدا ڕایگەیاند: "جووتیارە عەرەبەکان هیچ مافێکیان بەسەر زەوییەکانی سەرگەڕان و ناوچەکانی دەوربەری نییە لە کەرکوک، بەڵام بە هاندانی هەندێک لایەنی سیاسی کە بوونیان لە پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی عێراقدا هەیە، عەرەبی هاوردە ئاژاوە لە کەرکوک دروست دەکەن و زەوی جووتیارانی کوردی ڕەسەنی شارەکە داگیر دەکەن."
هەروەها کاکەڕەش سدیق بەرپرسی نووسینگەی کەرکوکی لیژنەی مادەی ١٤٠ ئاشکراشی کرد: " ١٣٠ جووتیاری عەرەب قەرەبووی زەوییەکانیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام ئامادە نین زەوییەکان چۆڵ بکەن و بەردەوامن لە داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کورد".
جێگای باسە، بەرپرسی نووسینگەی کەرکوکی لیژنەی مادەی ١٤٠، ئاماژەی بەوەش کرد :"بەپێی ئەو ڕێکەوتنانەی لەنێوان هەرسێ پێکهاتە سەرەکەییەکەی عێراق کراوە، لەدوای سەری ساڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش سەر بە ڕژێمی پێشووی بەعس، لە پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێنەوە، بەمەش ٨٠٪ی کێشەی زەوی جووتیارانی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان" چارەسەر دەبێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا، کاکە ڕەش سدیق، ڕەخنەی لەدەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و ووتی: "جێگای داخە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵام نیە بۆ جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ی دەستور کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانەوە، بەداخەوە حکومەتی هەرێمی هیچ پاڵپشتییەکی مادەی ١٤٠ ناکات لە کاتێکدا ئەم مادەیە کێشەی خاک و جووتیاری کوردە بەڵام حکومەتی هەرێم بێدەنگی هەڵبژاردووە بەرامبەر داگیرکردنی زەوی کوردان".