لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئەندامانی (Young struggle) و گەنجانی ئەنتەرناسیۆنالیست چوونە نێو بینای دووەمین تەلەفزیۆنی ئەڵمانیا (ZDF) و داوایان کرد لە ئاستی نێونەتەوەییدا دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بنرێت و تیشکیان خستەسەر هێرشە داگیرکارییەکان. دووپاتیان کردەوە بۆ دیموکراتیکبوونی سوریا پێویستە مۆدێلی سیاسی ڕۆژئاوا بپارێزرێت و بانگەوازیان لە حکومەتی ئەڵمان کرد، لەم ڕووەوە بەرپرسیارێتی بگرێتەئەستۆ.
ئەو ٢٠ گەنجەی لە بینای دووەمین تەلەفزیۆنی ئەڵمانیا (ZDF) ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، داواکانیان خستەڕوو، داوایان کرد لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی دانی پێدا بنرێت.
داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەتایبەت ئەڵمانیا کرد، لەم ڕووەوە هەنگاوی ڕوون بهاوێژێت و دووپاتکرایەوە، بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیکی درێژخایەن لە سوریا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مۆدێلێکی گرنگ پێشکەش دەکات.
چالاکوانان ڕەخنەیان لە دووەمین تەلەفزیۆنی ئەڵمانیا (ZDF) و دامەزراوەکانی راگەیاندنی تر کرد و داوایان کرد ئەو ڕاستییانەی لە ڕۆژئاوا ڕوودەدەن، بە شێوەیەکی بێلایەنانە ڕابگەیەنن.
هەروەها دووپاتکرایەوە، پێویستە مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەوەک هەر بۆ کوردان وەک نموونەی فیدراسیۆنێک عەرەب و سریانی و ئەرمەنی و گەلانی دی لەنێو ئاشتیدا دەژین، دانی پێدا بنرێت.
"تاوانی جەنگ ئەنجام دەدرێت"
هەروەها جەختکرایەوە چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سوریا (NSA) و چەتەکانی وەک دەستەی تەحریر ئەل شام (هەتەشە) لەلایەن ڕاگەیاندنی نێونەتەوەییەوە وەک "شۆڕشگێڕ" ناودەبرێن و ئەمەش هەڵەیەکی زەقە. دووپاتکرایەوە، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن، داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرا هەڵوێستی بەهێزتر بەرامبەر ئەم تاوانانە نیشان بدات.
"ژنانی کورد دەکرێنە ئامانج"
هەروەها ڕەخنە گیرا لە تاوانبارکردن و چەوساندنەوە و دیپۆرتکردنەوەی ژنانی کورد لە ئەڵمانیا بەهۆی خەباتی سیاسییانەوە. چالاکوانان ڕایانگەیاند پێویستە پشتگیری لە تێکۆشانی ئازادی و دادپەروەری ژنانی کورد بکرێت، بانگەواز لە ڕاگەیاندنی ئەڵمان و ڕای گشتی کرا لەم ڕووەوە هەستیاربن.
ئیدیتۆری دووەمین تەلەفزیۆنی ئەڵمانیا (ZDF) گوێی لە داخوازییەکانی گەنجان کرد و ڕایگەیاند لەسەر ئەم داخوازییانە هەڵوەستە دەکەن.
پۆلیسەکانی ئەڵمان ناسنامەی گەنجانیان پشکنی و ئازادیان کردن.