لە کەمپی شەهید ڕوستەم جودی (مەخمور) شەهید پیران سویدا (چیمەن ئالتورک) و شەهید دڵژین بێلاتی (زەینەب دەمیرئۆغلو) کە لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە هێرشی دەوڵەتی تورک داگیرکەردا شەهید بوون بە بیر هێنرانەوە.
مەڕاسیمی یادکردنەوەکە بە گردبوونەوەی خەڵکی کەمپەکە و دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدانی کەمپەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد.فاتمە بیلەن هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپەکە بەناوی خەڵکی کەمپەکەوە قسەی کرد.
فاتمە بیلەن هەموو شەهیدانی کوردستانی لە کەسایەتی شەهید پیران و شەهید دڵژین بیر هێنایەوە و وتی: "وەک گەلی کورد دەزانین کە بە پرۆسەیەکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕین. ئەمڕۆ دەوڵەتی فاشیست و هاوکارەکانی لەناوبردنی کوردیان کردۆتە ئامانجی خۆیان. ئامانجی هەموو هەڤاڵە شەهیدەکانمان یەکبوو. خاوەنداریەتی لە بوون و کەرامەت و خاک و بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. لەسەر ئەم فیکرەیە دەزانین ئەمڕۆ هەین و خاوەن مافین. هەروەها لە دژی ئەو زیهنیەتە پیسە، فیکری ڕێبەر ئاپۆیان هەڵبژارد و شەهید بوون. لەم قۆناغەدا، پێویستە هەموو کوردێکی وڵاتپارێز و خاوەن ویژدان کە دەڵێت دەمەوێت بە شکۆوە بژیم ،دەبێت خاوەنی ئەرک و بەرپرسیارێتی بێت. لەسەر ڕێگەی شەهیدان ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانمان کە خاوەندارێتی کردنە لە خەونەکانیان".
هەروەها به ناوی بنەماڵەی شەهید پیران، بەدران پیران قسەی کرد و بەخێرهاتنی خەڵکی کەمپەکەی کرد و وتی: "ئەمە نە یەکەم شەهیدە نە دوایین شەهیدە که ئێمه لێرە بەبیریان دێنینەوە، بە سەدان شەهیدمان لێرە بە بیر هێناوەتەوە، هەموویان ڕۆڵەی ئەم گەلە بوون. هەڤاڵ پیران گەنجێکی ئەم کەمپە بوو، لەم کەمپەدا گەورە بووە و لێرە پەروەردەی بینی گەشتە ئاستێک کە ڕێکخستنی خۆی و سەرۆکایەتی خۆی و هێڵی ڕاستی خۆی ناسی. هەر گەنجێک کە دەچێتە چیا ئازادکان بۆ بەرخۆدان لە دژی دوژمن، هەموو ئەم شتانە دەخاتە پێش چاوی و ئەوجا دەڕوات. دەبینین ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان، شەڕێکی زۆر سەخت هەیە و ئێمەش ئاگادارین. وەک بنەماڵەی شەهیدان بەڵێن دەدەین ڕێبازی هەموو شەهیدانی کوردستان و لەسەر پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ درێژە پێ بدەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەڵێین سەری بنەماڵەکەمان، سەری سەرۆکایەتیمان، سەری هەموو هەڤاڵەکانیان و تەواوی دانیشتوانی کەمپەکە سەلامەت بێت".
لە دوای قسەکان مامی شەهید پیران، بەدران پیران ناسنامەی شەهید پیران (چیمەن ئالتورک)ـی ڕادەستی دایکی کرد.
لە کۆتاییدا مامۆستا حسێین کارا بە ناوی دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدانەوە قسەی کرد. کارا سەرەتا سەرەخۆشی خۆی لە هەر دوو بنەماڵەی شەهید کرد و گوتی: "کەمپی مەخموور جارێکی دیکە شەرەفی خۆی بە شەهیدبوونی ئەو هەڤالانەوە بەرزکردەوە. تا گەلی مەخمور خاوەنی کەسێتی وەها بێت، بە شکۆمەندی دەمێننەوە. بۆیە با دوژمن باش بزانێت، مەخمور بە قوربانیدان تەسلیم نابێت، بەپێچەوانەوە ئیرادەیان بەهێزتر دەبێت و وڵاتپارێزیان پتەوتر دەبێت. هەروەها ڕێبەرایەتیمان کە ٢٦ ساڵە لە بەرانبەر چەوساندنەوە و هێرشدا لە بەرخۆدانێکی بێ وێنەدایە و ئه مڕۆ پارادایمی ئەو کە بە هەموو جیهاندا بڵاو بووەتەوە و بووە بە هیوای هەموو گەلانی بندەست. سەبووری بۆ بنەماڵە هێژاکەیان دەخوازین".
لە دوای قسەکان مەراسیمی بیرهێنانەوەکە بە دروشمی "شەهیدان نامرن"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "ژن، ژیان، ئازادی" بە کۆتا هات.