دەم پارتی: بەهۆی هێرشەکانی چەتەکانەوە بە هەزاران کەس کۆچبەر بوون

دەم پارتی لە ١٨ی کانونی یەکەم، ڕۆژی کۆچبەران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهەزاران کەس کۆچبەر بوون.

لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩٩٠دوای واژۆکردنی "پەیماننامەی پاراستنی مافەکانی کرێکارانی کۆچبەر و بنەماڵەکانیان لە هەموو جیهان، ١٨ی کانوونی دووەمی وەک ڕۆژی جیهانی کۆچبەران دەستنیشان کرا، بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە کۆمیسیۆنی کۆچ و پەنابەرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

'کۆچبەران بوونەتە بابەتی بازرگانی و سات و سەودای سیاسی'

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێشێلکردنی مافەکان و چەوساندنەوەی کۆچبەران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووتەوە: "شەڕ و قەیرانە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەملیۆنان کەسی کۆچبەر کردووە. هەروەها کۆچبەران لەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێ بوون ڕووبەڕووی ستەم و ڕەگەزپەرستی و جیاکاری بوونەتەوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا بە تایبەت کۆچبەران وەک موزایەدەیەکی سیاسی لەدژی ئەوروپا بەکار دەهێنن."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆچبەران لە تورکیا وەک هێزێکی کاری هەرزان بەکار دەهێنرێن و ئاماژە بەوەشکراوە: "بۆ ئەوەی کۆتایی بە چەوساندنەوە و مافی کۆچبەران بهێندرێت، پێویستە مافی سەندیکا و بیمەی کۆچبەران بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. هەروەها دەبێت وەزارەتی کار و خاوەنکارەکان واز لە چەوساندنەوەی کۆچبەران بهێنن."

هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە                            

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆچبەران بەهۆی هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە داوای مافەکانیان ناکەن، ژنانی کۆچبەریش بەهەمان هۆکار دژی توندوتیژی ڕەگەزی دەنگی خۆیان ناکەن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: "بەهۆی هێرشەکانی سوپای نەتەوەیی سوریا (NSA) بۆ سەر ناوچە نیشتەجێەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە هەزاران کەس ناچاربوون بەرەو هەرێمەکانی دیکەی ڕۆژئاوا کۆچ بکەن. بەرپرسیارێتی هەموومانە ببینە دەنگی کۆچبەرانی هەرێمەکە و پشتگیریان بکەین."

 'شان بە شان لەگەڵ کۆچبەران تێدەکۆشین'

لە ڕاگەیاندراوەکە داوا کراوە بۆ ڕێگریکردن لەم پێشێلکاریانەی مافەکانی کۆچبەران هەنگاوی جدیی بگیرێتەبەر، لەو بارەوە ئێمەش شان بە شان لەگەڵ کۆچبەران بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان تێدەکۆشین."