تەرمی ٣ شەهید لە شاری دێریک بەخاک سپێردرا

لە شاری دێریک بەمەراسیمێکی جەماوەری تەرمی ٣شەڕڤان کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوون، بەخاک سپێردرا.

بەسەدان کەس لە دانیشتووانی دێرک،گرکێلگێ، چلاخا بۆ بەخاک سپاردنی تەرمی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، شەهید ڕێزان چیا عەفرین (عەبدۆ عەبدوڵا) کە لە منبج شەهید بوو، شەهید چەکدار عومەر کە لە ناوچەی بەنداوی تشرین شەهید بوو و شەهید یڵماز عەلی کە لە بەنداوی تیشرین شەهید بوو بەشدار بوون.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد، پاشان فاتیمە عیزەدین هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی دێریک قسەی کرد و وتی: "شەهید ڕێزان چیا لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی عەفرین لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەتا کۆتایی لە پێناو گەلەکەی تێکۆشانی کرد. ئێمەش بە گەلەکەمان لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا دەڵێین هەتا کۆتایی خاوەنداریتان لێدەکەین، بە یەکێتیەوە دەستکەوتەکان کە بە فیداکاری شەهیدان بەدەست هاتوون دەپارێزین."

هەروەها محەمەد ئەمین، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی شاری دێریک، قسەی کرد و وتی: "ئێمە بە  فیداکاری خۆمانەوە سەلماندمان کە بەرخۆدان دەکەین و دەمانەوێت لە ئارامیدا بژین. پێویستە هەموو پێکهاتەکان لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی گەلان بەرەنگاری پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ببنەوە."

دوای وتارەکان، ناسنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

پاشان بە دروشمی "شەهید نامرن" تەرمی هەر ٣ شەهید بەخاک سپێردرا.