دەم پارتی دژی "کودەتای سیاسی" وەستایەوە: سکاڵامان کردووە

دەم پارتی ڕایگەیاند نەدانی مەرسومی سەرکەوتن بە عەبدوڵا زەیدان "درێژەی کودەتای سیاسی"یە و تانەیان لە بڕیارەکە داوە.

کاندیدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی وان، عەبدوڵا زەیدان هەرچەند لە هەڵبژاردن براوە بوو، کەچی مەرسومی سەرکەوتنی پێ نەدرا. دەم پارتی لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت سەرەڕای ئەوەی کاندیدەکەیان زۆرینەی دەنگەکانی هێناوە، کەچی دەستەی باڵای هەڵبژاردن مەرسومی شارەوانی وانی ڕادەستی کاندیدی ئاکەپە کراوە، ئەم بڕیارە بە کودەتای سیاسی ناوزەد دەکات. دووپاتی دەکاتەوە ئەم بڕیارە قبووڵنەکردنی ئیرادەی گەلە و پارێزەرەکانی دەم پارتی سکاڵای یاساییان کردووە، دەڵێت: "بانگەواز لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکەین کۆتایی بە ناهەقییە بهێنێت و ئیرادەی گەل قبووڵ بکات. پارتەکەمان و ئەندامەکانمان و گەلەکەمان لەسەر پێ دەبن و تا کۆتایی دژی ئەم بڕیارە نایاساییە ناڕەزایەتی ڕەوا و دیموکراتیک دەردەبڕن".