دەم پارتی: ئێمە سەپاندنی "پشکنین" لەسەر دەمیرتاش ڕەت دەکەینەوە

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتی سەپاندنی "پشکنینی شکۆشکێن" لەسەر سیاسەتمەداری کورد سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە زیندانی ئەدرنە بەشێوەیەکی ناهەق ڕاگیراوە، شەرمەزار کرد.

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "هاوڕێمان سەڵاحەدین دەمیرتاش کاتێک دەچێتە دیدار و دەگەڕێتەوە، پشکنینی بەسەردا دەسەپێنرێت. ئەمەش لەلایەن پارێزەرەکانییەوە بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاندراوە. ئەم پشکنینە نایاسایی و "شکۆشکاندنە" بەرامبەر دەمیرتاش ڕەت دەکەینەوە. ئەم فشارانەی لە زیندانەکان زیادیان کردووە بەئامانجی ئاستەنگکردنی خەباتی هەڵبژاردنی ئێمە بەڕێوەدەچن. بەرپرسی ئەم فشارانە، وەزارەتی داد و دەسەڵاتە".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "وەک دەم پارتی خەباتی هەڵبژاردنمان بە کەمپەینێک بەڕێوەدەبەین کە کەسانی هەڵبژێردراومان و هەڤاڵە زیندانیەکانمان  بەشدار دەبن. پێویستە بزانرێت ناهەقییەکان دژی شکۆی مرۆڤایەتی دەم پارتی ناوەستێنێت.

بانگەواز دەکەین کە کارە نامرۆییەکان بەرامبەر دەمیرتاش و هەڤاڵانی زیندانیمان دەمودەست کۆتایی بێت. بانگەواز لە ئۆپۆزیسیۆنی دیموکرات و ڕای گشتی دەکەین، دژی ئەم ناهەقییانە بوەستنەوە و پێکەوە تێبکۆشین".