دەرگای وەزارەتی داد بەڕووی بنەماڵەی شەنیاشار داخرا
بەبێ هیچ پاساوێک ڕێگە نەدرا بنەماڵەی شەنیاشار بچنە نێو وەزارەتی داد.
بەبێ هیچ پاساوێک ڕێگە نەدرا بنەماڵەی شەنیاشار بچنە نێو وەزارەتی داد.
خزم و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ڕحا ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاوژین و دوو کوڕی ئامینە شەنیاشار کوژرابوون. بەوهۆیەوە ئامینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کردبوو. بنەماڵەکە ئێشکگرییەکەی خۆیان لە ڕحاوە گواستەوە بۆ ئەنقەرە و ئێشکگرییەکە لە ٢٢ هەمین ڕۆژدا بەردەوامە.
ئامینە شەنیاشار بەهۆی ڕەوشی تەندروستییەوە لەسەر کورسی گەڕۆک بەشداری چالاکییەکەی کرد. فەرید شەنیاشار و ئەندامانی لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی بە هەڵگرتنی نوسراوی "دادپەروەری" لەبەردەم مەجلیسەوە تا بەردەم وەزارەتی داد ڕێپێوانیان کرد. هەموو ڕۆژێک بەو پاساوەی "وەزیر لەوێ نییە" و "وەزیر لە کۆبوونەوەیە" نەیاندەهێشت بنەماڵە بچنە نێو بینای وەزارەت، ئەمڕۆ بەبێ هیچ هۆ و پاساوێک ڕێگەیان لێ گیرا.
پۆلیس هەوڵیاندا لافیتەی "دادپەروەری" لە ئامینە شەنیاشار بسێنن
پۆلیس هاتنە بەردەم وەزارەتی داد و هەوڵیاندا ئەو لافیتەیەی لەسەر نوسرابوو "دادپەروەری" لە دەستی ئامینە شەنیاشار بسێنن. پەرلەمانتار فەرید شەنیاشار هاتە پێش و نەیهێشت پۆلیس ئەم کارە بکەن.