دەسپێشخەریی گەل: دژی زەوتکردنی ئیرادە بڕژێنە گۆڕەپانەکان

دەسپێشخەریی گەلی کوردستان بانگەوازی لە هەموو هێزە دیموکراتیکەکان کرد بەتایبەت کوردستانیان دژی زەوتکردنی ئیرادەیان لە وان، بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان بڕژێنە گۆڕەپانەکان و تا بەدەستهێنانی ئەنجامێک لە گۆڕەپانەکان بن.

دەستپێشخەریی گەلی کوردستان، پەیوەست بە زەوتکردنی ئیرادە لە وان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەسپێشخەریی گەل ڕایدەگەیەنێت گەل لە هەڵبژاردنەکاندا بەرامبەر ڕژێمی قەیوم و سیاسەتی قڕکردنی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵوێستێکی ڕوونی نیشاندا.

ڕایدەگەیەنێت گەلی کوردستان دژی ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە لە وان سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێناوە، بۆیە ئاکەپە-مەهەپە بەرگەی ئەمە ناگرن و هەوڵی پیلانگێڕی دەدەن بۆ زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان، سەرەڕای سەرکەوتنی ڕاستەقینەی کاندیدی شارەوانی وان، عەبدوڵا زەیدان، دەیانەوێت کودەتا بەسەر ئیرادەی گەلدا بکەن.

دەسپێشخەریی گەل دووپاتی دەکاتەوە نابێت ئەم بڕیارە بە هیچ جۆرێک قبووڵ بکرێت، دەڵێت: "پێویستە هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکان لە هەموو جێگەیەک دژی ئەم کارە قێزەونەی دژی ئیرادەی سیاسی گەلی کورد، ناڕەزایەتییەکی بەهێز پیشان بدەن".

هەروەها بانگەواز لە هەموو هێزە دیموکراسییەکان و کوردستانیان دەکات بە پێشەنگایەتی ملیۆنان گەنج و ژن بڕژێنە گۆڕەپانەکان و تا بەدەستهێنانی ئەنجامێک گۆڕەپانەکان جێنەهێڵن و چالاکی ئەنجام بدەن و دەڵێت: "ڕۆژی یەکێتی و خاوەنداری لە شەرەف و پاراستنی ئیرادەیە".