دەستەکانی چاودێری زیندان یاسای دوژمن پیادە دەکەن

ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی کوردستان و تورکیا بەشێوەی ئارەزوومەندانە ئاستەنگ دەکرێت. دەستەکانی چاودێری زیندانەکان بە یاسای دوژمن، درێژە بە ڕاگرتنی زیندانیانی سیاسی دەدەن.

لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا دامەزراوەیەک لە ژێر ناوی دەستەی کارگێڕی و چاودێری زیندان دامەزرا. ئەم دامەزراوەیە هەر کارێک کە بیەوێت بەرامبەر بە زیندانییەکان ئەنجام دەدات، هاوکات بڕیار لەسەر ئازادکردن یان ئازادنەکردنی ئەو زیندانیانە دەدات کە سزاکانیان کۆتایی هاتووە. هێشتا زیندانییەکان بە بیانووی وەک "ڕەوشی باش نییە"، "نەگۆڕاوە" و "پەشیمان نییە" بە دیل دەگیرێن.

لەم بارەیەوە یەک لە پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی ئیستەنبوڵ فەیزی چەلیک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

فەیزی ڕایگەیاند تا ساڵی ٢٠٢٠ سیستەمی سزادان لەدەستی دادگا بوو، ئاماژەی بەوە کرد کاتێک بەهۆی نەخۆشییەوە هەندێک سزا کەمکرایەوە، حکومدراوانی سیاسی لەدرەوەی ئەم بابەتە هێڵرانەوە، گوتی: "تێگەی پەشیمانی شرۆڤەی فراوان هەڵدەگرێت، فیکر و ڕامانی ئازادی هەندێک زیندانی دەکەنە پاساو، ئازادکردنی مەرجداریان لە ٣ مانگەوە بۆ ٦ مانگ درێژدەکەنەوە. یەک لەوان شاعیر ئیلهان هەرچەند ٣٠ ساڵ زیندانی خۆی تەواوکردووە، کەچی ئازاد ناکرێت. کاتێک دەڕوانین، دەبینین ئازادکردنی مەرجداری حکومدراوە ناسیاییەکان ئاستەنگ ناکرێت".

سیستەمی جێبەجێکردنی سزای دوژمنکارانە دەسەپێنرێت

چەلیک ڕایگەیاند ئەو مافانەی پێشتر بەدەستهاتوون ئێستە لەلایەن یەکە کارگێڕییەکانەوە ئاستەنگ دەکرێت، ئاماژەی بەوە کرد تەنها دەتوانن لەبەرامبەر بڕیارەکانی دادگای سزاداندا لە دادگای سزای قورس تانە بدەن، گوتی: "لەبەرئەوەی هیچ ڕێگەیەکی تر نییە بۆ تانەدان لە بڕیارەکان، ئەمە بوار بۆ هەڵوێستی ئارەزوومەندانە دەکاتەوە. بە تیڕوانینی پاراستنی دەوڵەت و جیاکاری درێژە بەمە دەدەن و ناهێڵن هەمووان بەیەکسانی سود وەربگرن".