دەستپێشخەریی عێراقی بۆ ئازادیی ئۆجالان بە ڕاگەیاندراوێک پێشوازیی لە پەیامە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و جەختی لەوە کردەوە، پەیامەكە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "پەیامەكە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. پەیامی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوێکی گرنگە لە ڕێبازی پڕۆسەی ئاشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەروەها ئاڕاستەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا. بانگەوازێکی دڵسۆزانە بوو بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەسەڵاتدارانی تورکیاشەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان و هەنگاونان بەرەو چارەسەریی سیاسی ئاشتیانە."
لە بەردەوامییدا هاتووە: "ئەم بانگەوازە نوێنەرایەتی ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە دەکات، کە هەموو لایەنەکانی ناچارکردووە بە سیاسەت و میتۆدەکانیاندا بچنەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە چارەنووسسازەکاندا. ئەو پەیامە لە کاتێکی زۆر هەستیار و گرنگدایە، لە کاتێکدایە کە تورکیا هێزەکانی زۆرێک لە ناوچەکانی خاکی عێراقیان داگیرکردووە، هەروەها نزیکەی ٤٩ بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە."
هەروەها لە بەیاننامەکەدا داوا لە دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک کراوە کە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانیان لە خاکی عێراق و باکووری سووریا بکشێننەوە، ئەمەش لە پێناو ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ.
هەروەها دەستپێشخەریی عێراق بۆ ئازادیی ئۆجالان پێزانینی خۆی بۆ وەڵامی ئەرێنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەربڕی کە پاڵپشتی دەستپێشخەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆیان کرد، بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانن بۆ چارەسەری ئاشتیانە بۆ سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناوچەکە.
دووپاتیشی دەکەنەوە، شەقامی عێراقی بە شێوازێکی بەرفراوان پێشوازیی لەم پەیامە دەکات، گەلی عێراق ئەم بانگەوازە بە دەرفەتێکی مێژوویی دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، دوور لە زمانی چەک.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: "داوا لە بەرپرسانی تورکیا دەكەین وەڵامی ئەرێنی بدەنەوە بۆ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، هەروەها کاربکەن بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی سیاسی و یاسایی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی نێوان گەلانی کورد و تورکیا، چونكە گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکەدا کاریگەری ئەرێنی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر سەقامگیری عێراق و وڵاتانی دراوسێ بە گشتی."