دۆزی کۆبانێ بۆ ٤ ی ئەیلول دواخرا

دادگا کاتی بەخشییە سیاسەتمەداران و پارێزەران بۆ بەرگری، دانیشتنی دۆزی کۆبانێ بۆ ٤ ی ئەیلول دواخرا.

دانیشتنی دووەمی خولی ٣٠ لە دانیشتنی دۆزی کۆبانێ دەستی پێ کرد، تێیدا هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپە، فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش لەنێو ١٨ کەس و لە کۆی ١٠٨ سیاسەتمەداری کورد لەنێو حەرەمی زیندانی سینجان دادگایی دەکرێن، بەهۆی ڕووداوەکانی ٦-٨ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤. دادگای تاوانی مەزنی ٢٢ ی ئەنقەرە دەڕوانێتە دۆزەکە.

یوکسەکداغ لە زیندانی کاندیرا ژمارە ١ تیپی (F)، لە ڕێگەی سیستەمی دەنگ و دیمەن (SEGBÎS) بەشداری دانیشتنەکەی کرد. لەم دانیشتنەدا، هەریەک لە شێخموس بایهان، پارێزەری سیاسەتمەدار نەزیر چاکان کە بەبێ گرتن دادگایی دەکرێت، قسەی کرد. بایهان داوایکرد بڕیاری بێتاوانی موکیلەکەی دەربکرێت.

پاشان پارێزەر سیپان جەزیرلی قسەی کرد. ڕوونی کردەوە، بەهۆی بەردەوامی دانیشتنەکانی گوێگرتنەوە، ئامادەکردنی بەرگری موەکیل و پارێزەران دوا دەکەوێت، بۆیە ناتوانن بەتەواوی چاودێری دۆسیەکە بکەن.

جەزیرلی داوای ٢ بۆ ٣ هەفتە پشووی کرد.

لایەنی سکاڵاکەر ویستی ئەم داوایە ڕەت بکرێتەوە. دادگا بۆ نرخاندنی داواکان دانیشتنەکەی هەڵگرت.

دادگا داوای پارێزەرانی بۆ پشوو وەرگرتن قبووڵ کرد، دانیشتنەکە بۆ ٤ ی ئەیلول دواخرا.