فەد-دەم لە دژی ھاوکارەکانی پەدەکە بۆ داگیرکەران ھاتەدەنگ

فەد-دەم ڕایگەیاند، هاوکاریی پەدەکە بۆ داگیرکەران پەتی دانبەخۆداگرتنی گەلەکەمان دەپسێنێت. وتیشی: "داوا لە گەل و ھەموو دۆستانمان دەکەین لە بەرامبەر جموجۆڵ و کردەوەی داگیرکاری و خیانەت بێدەنگ نەبن. ئێمە بە یەکدەنگی ڕووبەڕووی دوژمنانی کوردستان دەبینەوە".

فیدراسیۆنی کۆمەڵە دێموکراتیکەکانی کوردستانیان لە باکووری ئەڵمانیا (فەد-دەم)، لەبارەی ھاوکارییەکانی پەدەکە بۆ سوپای تورکی  داگیرکەر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "لە ١٠٠مین ساڵڕۆژی پەیماننامەی لۆزاندا، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ لەناوبردنی مەفەکانی کورد لەگەڵ هاوبەش و ھاوکارەکانی ڕێککەوتنی نوێی لە دژی کورد ئەنجامدەدات. ھەروەها، داگیرکاری لەسەر باشووری کوردستان دژوارتر دەکات. هەوڵدەدات بزووتنەوەی ئازادی گەمارۆ بدات و لەناوی ببات."

فەد-دەم دا ھێمای بۆ ئەوەش کردووە، "بزووتنەوەی ئازادی ماوەی ٥٠ ساڵە لە دژی هەموو دوژمنانی کورد و کوردستان تێکۆشان دەکات و قوربانی زۆر دەدات. دەتوانین بڵێین شەڕڤانانی ئازادی بۆ ئێمە هێڵی سوورن. چەندین ساڵە بزووتنەوەی ئازادیی بۆ ئەوەی ڕێگری لە شەڕی ناوخۆیی بکات، هەوڵدەدات و کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدات. بەڵام بە ئاراستەی نەھێشتنی ھاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورک، ھیچ ئەنجامێکی ئەوتۆ بەدەست نەهاتووە."

لە بەشکێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "لە دوایین نموونەدا عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پەدەکە، لە چاوپێکەوتنەکەیدا  بە ڕوونی هاوکاری بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و دوژمنایەتییان بەرامبەر بزووتنەوەی ئازادی نیشان دا، ئەو کەسە لە پاکتاوکردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە. ئەوە پەسەندکردنی خیانەتە و پەتی ئارامگری و پشوودرێژی گەلەکەمان دەپسێنێت".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "ئێمە وەک فەد-دەم، داوا لە گەل و دۆستانمان دەکەین، لە بەرامبەر ئەو جموجۆڵ و کردەوەی داگیرکاری و خیانەت بێدەنگ نەبن. ئێمە بە یەکدەنگی ڕووبەڕووی دوژمنانی کوردستان دەبینەوە.

ژ.ن