فەد-کورد: هەواڵگریی ئەڵمانیا سیخوڕی بەر کوردەکاندا دەسەپێنێت

فەد-کورد رایگەیاند، هەواڵگری ئەڵمانی هەڕەشەی سەندنەوەی مافی مانەوە لە کوردان دەکات و سیخوڕییان بەسەردا دەسەپێنێت و ئەم بانگەوازەی ئاراستەی گەل کرد، "بە بێ ئامادەبوونی پارێزەرانتان و بە بێ ئاگادارکردنەوەمان هیچ چاوپێکەوتنێک ئەنجام مەدەن".

فیدراسیۆنی کوردستانیانی ئازاد لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا (فەد-کورد) لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، "لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا سیاسەتی سیخوریکردن بە تەواوەتی پێیناوەتە دۆخێکی قێزەون و چەپەڵ".

'کاربەدەستێکی تورک بە ناوی هاکان ئاکبوڵوت سیخوڕیکردن بە سەر بنەماڵە ککوردەکاندا دەسەپێنێت'

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛

"کەسانێک لە هەواڵگری ئەڵمانی کە بانگەشەی ئەوەدەکەن پۆلیسی مەدەنین، بە وتنی 'لەبارەی ئێوە هەموو زانیارییەکەمان لەبەردەستدایە، یان کار بۆ ئێمە دەکەن و لەبارەی رێکخراوە و دامەزراوە کوردیەکان زانیاریمان پێدەدەن، یاخود ئێمە رێگە نادەین مافی مانەوە و وەرگرتنی پاسپۆرتتان هەبێت' هەڕەشە دەکەن. زۆر جار هەندێک لە ژنان سەردانیان کردین و نیگەرانی خۆیان پێڕاگەیاندین. هەندێک کەس ترسان و لە ئەڵمانیاوە بەرەو وڵاتانی دیکە هەڵاتن. لە لایپزیگ و دەوروبەری، لە هالێ و سال و دەوروبەری، لە زۆر شار و بە تایبەتیش ئەوەی لە ماگدیبورگ روودەدەن مایەی قەبوڵکردن نییە. کارمەندێکی ژن کوردێک کە بەمەبەستی تازەکردنەوەی پێناسی مانەوە سەردانی فەرمانگەی بیانیەکانی کردبوو، بردبووی بۆ نهۆمی سەرەوە رادەستی ژنێکی گەنجی کاربەدەست و کاربەدەستێکی تورک بە ناوی هاکان ئاکبوڵوتی کردبوو. ئاکبوڵوت بەم جۆرە قسەی کردبوو، 'دەتناسین، کارمان بۆ بکە، کوردەکانمان بۆ ئاشکرا بکە و لەبارەیانەوە زانیاریمان پێبدە، کارێک دەکەین کە بە ئاسانی مافی هاووڵاتیبوون وەربگریت'. هاکان ئاکبولوت بەر لە سێ رۆژیش لە ماگدیبورگ چووبووە ماڵێکی کورد و پێشنیازی سیخوڕی بۆ کردبوون.

ئەوەندەی دەزانین ئەوە دۆخێکی نایاساییە، کاربەدەستانی ئەڵمانیاش دەزانن. شەڕی تایبەت و دەرونی کە لە دژی کوردان لە تورکیا دەکرێت، لە ئەڵمانیاس بەردەوامە. ئێمە داوا لە کاربەدەستانی ئەڵمانیا دەکەین؛ دەستبەجێ ئەو دۆخە روون بکەنەوە، نە یاساییە و نە مرۆڤانەشە کە ئێوە ئەو مرۆڤانەی بەهۆی ستەمی دەوڵەتی تورکەوە هەڵاتوون و هاتوونەتە وڵاتەکەتان، رادەستی رێکارەکانی گوشار و چەوساندنەوەیان بکەن.

داوا لە گەلەکەمان دەکەین؛ ئەگەر دیداری بەو جۆرە لەگەڵ ئێوە ئەنجام درابێت، نزیک ترین دامەزراوەکانی سەر بە ئێمە ئاگادار بکەنەوە و بە بێ پارێزەرانتان لەگەڵ ئەو کەسانە دیدار ئەنجام مەدەن. ئێمە ئەو دۆخە دەگەیەنینە دەسەڵاتداری دادوەری و تا کۆتایی بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکەین".

هـ . ب