کۆمیتەى پێشگرتن لە ئەشکەنجەی ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی - CPT) بەپێی سەردانەکەى ساڵی ٢٠١٩ی بۆ زیندانی دوورگەى ئیمراڵی، کە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی تیادا دیلکراوە، راپۆرتێکی ئامادە کردبوو و لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا راگەیاندرابوو، گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامیی هەیە. سەرباری ئەو راپۆرتەش، بەڵام ئەنجوومەنی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوایی هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو و دەستیان بە جموجوڵ نەکرد بۆ نەهێشتنی گۆشەگیری، بەڵام حیزبی چەپی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئەڵمانیا پرۆژە پرسیارێکی ئامادە کرد و بابەتەکەى کردە رۆژەڤی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا.
پرۆژە پرسیارەکە بە پێشەنگایەتیی گۆکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری چەپ ئامادە کرا و پرسیاری لە حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی ئەنگێلا مێرکل کرد، کە ئێوە چی دەڵێن، لەبارەی ئەوەى سی پی تی لە راپۆرتەکەدا دەستنیشانیکردووە، کە دەڵێت، "گۆشەگیری لە ئیمراڵی جێگیر و هەمیشەیی کراوە و سەرباری هۆشدارییەکانی ساڵی ٢٠١٦ هێشتا هیچ گۆڕانکارییەک رووی نەداوە؟".
لە پرۆژە پرسیارەکەدا بە تایبەتی ئاماژە بە رێگرییەکانی سەردانی پارێزەران و بنەماڵەکان بۆ ئیمراڵی کراوە و پرسیاری کردووە: "لە چاوپێکەوتنەکانی ئێوە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی تورک دا باس لە هەلومەرجی زیندانی ئیمراڵی دەکەن و ئەو هەلومەرجانە دەبنە رۆژەڤتان؟".
لە ناو پرۆژە پرسیارەکەدا جێگا بۆ راپۆرتە ٢٩ لاپەڕەییەکەی سی پی تی کراوەتەوە، کە لە ٥ی ئابی ٢٠٢٠دا بڵاوکرایەوە. بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی حکومەتى مێرکل لەم هەفتەیەدا بە نووسراو، یان بە زارەکی وەڵامی پرۆژە پرسیارەکەى حیزبی چەپ دەدەنەوە. لەبەر ئەوەى وەزارەتی داد، یان وەزارەتی دەرەوە دەبنە بەردەنگی بابەتەکە، چاوەڕێ دەکرێت لەلایەن هەر دوو وەزارەتەکەوە بە شێوەی هاوبەش وەڵامی پرۆژە پرسیارەکە بدرێتەوە.
سی پی تی: گۆشەگیری لە ئیمراڵی جێگیر و هەمیشەیی کراوە
کۆمیتەى پێشگرتن لە ئەشکەنجەى ئەنجوومەنی ئەوروپا لیکۆڵینەوە لە هەلومەرجی زیندانەکان و رەفتار لەگەڵ زیندانییەکانی ٤٧ وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئەوروپا دەکات. سی پی تی لە دوای ئەوەى ساڵی ٢٠١٩ سەردانی ئیمراڵیی کرد راپۆرتێکی ٢٩ لاپەڕەیی لە ٥ی ئابی ٢٠٢٠دا لەبارەی ئیمراڵی و گۆشەگیریی ئیمراڵی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، سیستمی زیندانی ئیمراڵی لە سەردانی ساڵی ٢٠١٦ەوە "هیچ باشبوونێکی" بەخۆییەوە نەبینیوە و تاوەکو ئیستاش ئۆجالان و ٣ زیندانیی تر لە زیندانی ئیمراڵی لە هەفتەیەکەدا تەنها دەتوانن ٦ کاتژمێر یەکتر ببینن.
سی پی تی راشیگەیاندووە، ماوەی یەکتربینینی دوو کەسی لە هەفتەیەکەدا ٣ کاتژمێرە و هێشتا کۆبوونەوە و یەکتر بینین لە کاتی پیاسەکردن لە حەوشەی زیندانەکەدا بە شێوەى رۆژانە لە زیندانییەکان قەدەغەیە. بۆیە لە راپۆرتەکەى سی پی تی دا هاتووە "هەموو زیندانییەکان زۆر بە قورسی گۆشەگیرییان بەسەردا سەپێنراوە".
سی پی تی ئاماژەى بەوەشکردووە، دەکرێت بڵێین، لەم ساڵانەی دوایدا چاوپێکەوتنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هیچ نەبووە، داوای پارێزەرەکان بۆ بینینی ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١٩ەوە رەتدەکرێنەوە. سی پی تی لە راپۆرتەکەیدا داوایکردبوو، پێویستە سیستمی زیندانی ئیمراڵی سەرلەنوێ پیداچوونەوەى بۆ بکرێت.
ژ.ت