هەڵبژاردنی خۆجێیی؛ کوردستانیان خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان دەکەن

سەرباری هەموو گوشار و فرت و فێڵ و ساختەکارییەکانی دەسەڵات، بەڵام کوردستانیان بە گوڕ و تینەوە بەشداری لە دەنگدان دەکەن، بە تایبەتی کەسانی بەساڵاچوو و نەخۆش بە هاوکاری کەسوکاریان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی خۆجێیی لە باکووری کوردستان و تورکیا کە لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانیەوە دەستیپێکردووە بەردەوامە.

کوردستانیان بۆ داکۆکیکردن لە ئیرادەی خۆیان پۆل پۆل بەرەو بنکەکانی دەنگدان دەچن و چەندین دیمەن بڵاوکراونەتەوە، کە کەسانی بەساڵاچوو و نەخۆش بە هاوکاری کەسوکاریان بەشداریان لە دەنگداندا کردووە.

حەلیمەی تەمەن ٩٤ ساڵ دەنگی بە ئیرادەی خۆیدا

لە ناوچەی پاسووری ئامەد حەلیمە بایرامی تەمەن ٩٤ ساڵ بە هاوکاری کەسوکاری چووە سەرسندووقی دەنگدان و دەنگی بە کاندیدی دەم پارتی دا.

دەم پارتی داوای بەشداری زیاتر و خاوەنداری لە سندووقەکان دەکات

بەرپرسانی دەم پارتی جەخت دەکەنەوە کە بە بەشداری بەرچاوی دەنگدەران دەتوانن سەرجەم پیلان و ساختەکارییەکانی ئاکەپە تێکبشکێنن و سەرکەوتنی گەورە مسۆگەر بکەن.

ئاکەپە لە پێش هەڵبژاردنەوە لە رێگەی گواستنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی و هەروەها پۆلیس و سەربازەوە لە شارەکانی تورکیا بۆ شارەکانی کوردستان هەوڵیدا ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی خۆی ساختە بکات، ئەمڕۆش لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدان لە رێگەی کڕینی دەنگ، نانەوە پشێوی لە وێستگەکان، دەنگدانی بەکۆمەڵ و چەند شێوەیەکی دیکە هەوڵ دەدات پرۆسەکە لە بەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە.

لە زۆربەی وێستگەکان جەماوەر بە شێوەی جیاجیا ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەوڵەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە بۆ ساختەکاری نیشان دەدەن. لە بنکەیەکی شاری شڕنەخ بە وتنی "دزی لە دەنگدان دەکرێت" هاوڵاتیان ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گرزییەکانی ئاکەپە نیشان دەدەن.

هاووڵاتیانی کورد لە رێگەی بەشداری لە دەنگدان و دەم پارتیش لە رێگەی چاودێران و نوێنەرانی لە سەرسندووقی دەنگدان هەوڵ دەدەن ئەو هەڵمەتە ساختەکارییەی ئاکەپەی دەسەڵاتدار پوچەڵ بکەنەوە.

بەرپرسان، پەرلەمانتاران، کاندید و نوێنەرانی دەم پارتی وێڕای بانگهێشتکردنی هاووڵاتیان بۆ بەشداری کارا لە دەنگدان، هاوکات داواش دەکەن هەموو لایەن چاوکراوەبن بۆ پاراستن و خاوەنداری لە سندووقەکانی دەنگدان و رێگری لە ساختەکاری.

لەکاتی بەگژداچوونەوە و هەوڵدانی کاندیدی هاوسەرۆکایەتی گەورەشاری مێردین بۆ رێگری لە ساختەکاری ئاکەپەییەکان، پۆلیسەکان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردەسەر. بەڵام ئەو کاندیدەی دەم پارتی لە نەخۆشخانە رایگەیاند، "ئامانجی هێرشبەران ئەوەیان کە پاشەکشێمان پێبکەن، بەڵام هەرگیز ئەوە روونادات"، جەختیشی کردەوە، تا نەگەنە سەرکەوتن ناتوانن پشوو بدەن و بسرەون. 

لە دەنگدانی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ٦١ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی ٢٠٨ هەزار سندووقی دەنگدان دانراوە.

هـ . ب