هەڵبژاردنی خۆجێیی لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت

پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی خۆجێیی لە ٨١ شار، ٩٧٣ ناوچە و ٣٩٠ شارۆچکەی باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکردووە،

لەپرۆسەکەدا جگە لە سەرۆک شارەوانیەکان هاوکات ٥٠ هەزار و ٣٣٦ ئەنجومەنی گەڕەکەکان، ئەندامانی ئەنجومەنی گشتیی و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی هەڵدەبژێردرێن.

بەهۆی جیاوازی کاتەوە پرۆسەکە لە زۆربەش شارەکانی باکووری کوردستان و بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی تورکیا کاتژمێر ٧:٠٠ دەستیپێکرد و کاتژمێر ١٦:٠٠ دەنگدان تەواو دەبێت، بەڵام لە شارەکانی رۆژئاوای تورکیا کاتژمێر ٨ ەستپێدەکات و تا کاتژمێر ١٧:٠٠ بەردەوام دەبێت.

لە دەنگدانی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ٦١ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی ٢٠٨ هەزار سندووقی دەنگدان دانراوە.

لەم هەڵبژاردنەشدا چاوەڕوان دەکرێت دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە رێگەی جیاجیاوە وەک گواستنەوەی دەنگدەر لە ناوچەکانی دیکە، کڕینی دەنگەکان، پشێوی نانەوە و رێگری لە دەنگدان هەوڵ بدات دەستکاری ئەنجامەکان بکات، بەڵام پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاندووە، بە هەزاران چاودێر و نوێنەری لە سەر سندووقەکانی دەنگدان دەبێت و پارێزگاری لە دەنگەکان دەکەن.

هـ . ب