لیژنەی ئیدارە هەرێمییەکانی هەدەپە لە چوارەمین ساڵیادی دانانی قەیومەکان لە شارەوانییەکانی هەدەپەدا لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی ٣١ ی ئاداری ٢٠١٩، ڕاپۆرتی "ئیدارەی هەرێمیی ئازادی ژن و ڕژێمی قەیوم"ی بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا شێوازی شارەوانییەکان لەسەر بناغەی دیموکراتیزەکردن و بەشداری ڕاستەوخۆ و ڕوون دەستنیشان کراوە. هەروەکا ئاماژەکراوە بە بەشداری ژن لە ئیدارە هەرێمییەکاندا، کە لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی ساڵی ٢٠٠٤ ژمارەکەی گەیشتۆتە ٩ کەس، لەگەڵ سیستەمی هاوسەرۆکایەتی کە یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن پارتی جڤاکی دیموکراتیک (دەتەپە) پێشخرا، لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی ٣٠ ی ئاداری ٢٠١٤ بە تەواوەتی بە بناغە گیرا.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٤ ـەوە، یاسای دژایەتی سیستەمی "هاوسەرۆکایەتی" جێبەجێ دەکرێت، سەرەڕای هەموو هێرشەکان تا ئێستە پارادایمی هاوسەرۆکائیەتی و ئیدارەی هەرێمیی دیموکراتیک هەموو سنوورەکانی دەوڵەت_نەتەوەی نەتەوە پەرست و نەژادپەرستی تێپەڕاندووە و بۆتە ئیلهامی گەلانی جیهان و هەموو ژنان.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی ٣١ ی ئازاری ٢٠١٩، هەدەپە ٣ شاری گەورەی بردەوە، لەگەڵ ٥ شار، ٤٥ شارۆچکە و ١٢ شاردەێ، واتە ٦٥ شارەوانی و ١٢٣٠ ئەندامی مەجلیس و ١٠١ ئەندام لە مەجلیسی گشتی. دەڵێت: "سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، مەجلیسی ژنانی شارەوانی، لیژنەی ژنان لەنێو مەجلیس، کۆردیناسیۆنی ژنان، لیژنەی ژنان و لیژنەی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لەنێو شارەوانییەکانمان دامەزرا. هەروەها لیژنەی ژنان بۆ ئیدارە هەرێمییەکان لە هەموو شارەکان پێکهات".
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا کارەکانی بواری ژنان لە هەموو شارەوانییەکان باسکراوە.
هێرش
هەروەها لە ئەنجامی ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، دانانی قەیومەکان گورزێک بووە لە دیموکراتی هەرێمی لە تورکیا، سەرەڕای هەموو هێرش و بەربەستەکان، پێداگرن لەسەر هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان و ئەم سیستەمە دەپارێزن.
دەبینە چارەسەر
وەک درێژەی ئەنجامی ڕاپۆرتەکە، ئاماژە بەوە کراوە، هەر سیاسەتێک ژن نەگرێتە خۆ، نابێتە سیاسەتێکی جڤاکی، ئمەش وەک تێکۆشەرانی ئازادی ژنان، هیچ سیاسەتێک ناناسین بەبێ لەخۆگرتنی ژنان، دەڵێن: "گرنگترین شت پاراستنی دەسکەوتەکانی ژنان و بەدیهێنانی دەسکەوتی نوێیە لەڕێی تێکۆشانی هاوبەشەوە. بلۆکی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە بۆتە سیستەمی ستەم و شەڕ، قەیوم لە شارەوانییەکانی هەدەپە دادەنێن و دەیانەوێت پارادایمی ئازادی ژن لەناوببەن، تاوەکو ژن نەبێتە بکەرێکی سیاسی. بەڵام ئێمە دەسکەوتەکانی ژن دەپارێزین و ژیانێکی نوێ بونیاد دەنێین، تێیدا ژن بکەری سەرەکی بن. بەم بڕیارەوە، دەبینە ڕێگەی چارەسەر و هیوا و ئازادی و یەکسانی بەرامبەر هەموو وێرانکارییەکان".