هەدەپە و پارتی چەپی سەوز کۆتاییان بەکۆڕبەند و وۆرکشۆپەکان ھێنا
هەدەپە و پارتی چەپی سەوز کۆتاییان بەو کۆڕبەند، وۆرکشۆپانە ھێنا، کە دوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ خەڵک، لە چوارچێوەی قۆناغی ڕەخنە و ڕەخنەدان دەستیانپێکردبوو.
هەدەپە و پارتی چەپی سەوز کۆتاییان بەو کۆڕبەند، وۆرکشۆپانە ھێنا، کە دوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ خەڵک، لە چوارچێوەی قۆناغی ڕەخنە و ڕەخنەدان دەستیانپێکردبوو.
کۆڕبەند، وۆرکشۆپ و کۆبوونەوەکان لەگەڵ خەڵک کۆتاییان هات، کە پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوز، لە دوای هەڵبژاردن لە چوارچێوەی قۆناغی ڕەخنە و ڕەخنەدان و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە دەستیپێکردبوو.
کۆڕبەند و وۆرکشۆپەکان دوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ خەڵک، لە مانگی ئاب دەستیپێکرد. لەو چوارچێوەیەشدا دوو کۆڕبەند لەسەر بنەمای خۆڕێکخستنەوە و سیاسەت بەڕێوەچوو. ھەروەھا کۆڕبەندێکی سەربەخۆ بۆ ژنانیش سازکرا و تێیدا بە گشتی ٥ وۆرکشۆپ ئەنجامدرا. لەو کۆڕبەند و وۆرکشۆپانەدا، نوێنەرانی ھاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی، ئەکادیمیستەکان، ئەندامانی لیژنەی ڕاوێژکاری هەدەپە، بەڕێوەبەرانی پارتەکان و جەماوەر بەشدار بوون.
پێویستە چالاکییەکانی پەیوەست بە ئیسلامی دیموکراتیک زیاد بکرێن
بەشدارییەکی بەرفراوان لەو کۆڕبەند و وۆرکشۆپانەدا کرا و بە شێوەی نووسراو پێشنیازەکان پێشکەشکران. داوا لە لایەنەکان کرا، کە لە سەردەمی نوێدا چالاکییەکانی پەیوەست بە ئیسلامی دیموکراتیک زیاد بکرێن و بەها کۆمەڵایەتییەکان ڕەچاو بکرێن و سیاسەتی تایبەت بەوە بگیرێتەبەر. لە پێشنیازەکاندا ھەروەھا داوا کرا، کە ئایینەکان بە شێوەیەکی ئازاد و یەکسان هەڵسەنگێنرێن و لە دژی تێڕوانینی ئیسلامی سیاسی، هاوکاری ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانە بکرێت، کە ھەڵگری بۆچوونی ئیسلامی دیموکراتیکن.
ھاوکات لە وۆرکشۆپەکانی پەیوەست بە ئایینەکان داوا کرا، لە چوارچێوەی جەوھەری ئایینی عەلەوییەکان، دەرفەتی ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ خۆڕێکخستنەوەی ئازاد لە دەرەوەی دەسەڵات بخوڵقێنرێت و لە پێناو پاراستنی داواکاریی هاوڵاتیبوونی یەکسان، تێکوشان گەشتر بکرێت.
پێویستە هەڵمەتێکی نوێ دەست پێبکرێت
لە کۆڕبەندەکاندا لەبارەی دیدگای هەدەپە و پارتی چەپی سەوز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد و سیاسەتەکانی چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکانی کورد گفتوگۆ کرا و جەختلەوەکرایەوە، پێویستە بە پێشەنگایەتی هاوپەیمانی کوردستانی، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) ھەڵمەتێکی نوێ دەستپێبکرێت. ڕاشگەیەندرا، پارتی چەپی سەوز و هەدەپە لە چوارچێوەی ئەو پێشنیازانەی کە خراونەتەڕوو، بڕیاری گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بدەن.
بابەتێکی دیکە کە گفتوگۆی لەبارەیەوە کراوە، ئەو بێهیواییەیە کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە. لە گفتوگۆکانی پەیوەست بەو پرسە ڕاگەیەندرا، ئەو کەشە نەرێنییەی دوای هەڵبژاردن ھاتووەتە ئاراوە، بە ھیچ جۆرێک لەلایەن هێزە دیموکراسیەکانەوە مایەیی قبوڵکردن نییە. هەروەها ڕەخنە لەوەش گیرا، کە ھاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی لە بابەتی بوون بە چەتری هەموو لایەنە چەوساوەکان، ژنان، کرێکاران، دێموکراتەکان و هێزە سۆسیالیستییە چەپەکان کەموکوڕی ھەبوو. لەئەنجامی گفتوگۆکاندا ڕاگەیەنرا، دەبێت ھاوپەیمانی هێڵێکی سیاسی ساز بکات و لە سەردەمی نوێدا پێشەنگایەتی بۆ ئۆپۆزسیۆن بکات.
هەدەپە و پارتی چەپی سەوز بەرەو قۆناغی کۆنگرە دەڕۆن. بڕیارە ئەو ڕەخنە و پێشنیازانەی لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ خەڵک دران، ئەوانەشی لە کۆڕبەند و وۆرکشۆپەکاندا کران، وەک ڕاپۆرتێک پێشکەشی کۆمیسیۆنی کۆنگرە بکرێن. هەدەپە و پارتی چەپی سەوزیش لە چوارچێوەی ئەو ئەنجامانەدا هێڵی سیاسی بەڕێوەبردنی نوێ دیاری بکەن.
ژ.ن