هێرشەکانی قڕکردن لە دویسبۆرگ شەرمەزارکرا

لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا، هێرشەکانی قڕکردنی دەوڵەتی تورک دژی باشوری کوردستان و ڕۆژئاوا و خیانەتی پەدەکە شەرمەزارکران.

لەسەر بانگەوازی (دەکەتەمە) و مەجلیسی ژنانی شەهید ئاسیا یوکسەل، کوردستانیان لە کاتژمێر ١٦:٠٠ لە بەردەم وێستگەی شەمەندەفەری دویسبورگ کۆبوونەوە و دژی هێرشەکانی قڕکردن ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

چالاکییەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێ کرد، لەسەر ناوی (دەکەتەمە) و مەجلیسی ژنانی شەهید ئاسیا یوکسەل، قسەکرا.

لە چالاکییەکەدا، ڕاگەیاندراوی مەجلیسی ژنانی شەهید ئاسیا یوکسەل خوێندرایەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "رۆژی 23ی ئاب، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلی ژن تیڤی بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە نزیک گوندی تەل شەعیر، لەسەر ڕێگای قامیشلۆ- عامودا بۆردومان کرد. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا نەجمەدین فەیسەڵ حاج سینان شەهید بوو و هەروەها پەیامنێری ژن تیڤی دەلیلە عەگید بریندار بوو.

فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا بەبێ ئەوەی لە ئاسمانی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا و ڕوسیادا ڕێگەیان لێ بگیرێت، لە ئاسمانی سوریادا دەسوڕێنەوە.

تورکیا لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠٠ هێرشی ئاسمانی لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکە ئاشکرا دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە دەکرێنە ئامانج، بانگەوازی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کرا بۆ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر ئەو هێرشانە.

لە ماوەی تەواوی چالاکییەکەدا دروشمی "کۆتایی بە کۆمەڵکوژییەکان بهێنن لە کوردستان"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "دەوڵەتی فاشیستی تورک لە کوردستان هەڵدێت"، "بمرێ خیانەت" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" بەرزکرانەوە.