هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا لە چەند شارێک شەرمەزارکرا

شەپۆلی نوێی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە چەند شارێک شەرمەزارکرا.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، لەم هێرشانەدا شوێنی ژیانی سڤیل دەکرێتە ئامانج،

لە شەرناخ بە پێشەنگایەتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. نوێنەری بەشێک لە ڕێکخراوەکان ئامادە بوون.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەکە نورجان ئاڵتورک ئاماژەی بەوە کرد لەم هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، گوتی: "هەرگیز بەرامبەر گۆڕینی ئەم خاکە بۆ گۆڕەپانی شەڕ و پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان و تاوانی مرۆڤایەتی، بێدەنگ نابین".

ئەدەنە

ڕێکخستنی دەم پارتی ئەدەنە ویستی لە پارکی ئینۆنۆ ڕاگەیاندراو بخوێنێتەوە، بەڵام پۆلیس ڕێگەی نەدا، بۆیە لەبەردەم بینای پارتەکە ڕاگەیاندراوەکەیان خوێندەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە، سەیفەدین ئایدەمیر هێرشەکەی بە نامرۆڤانە پێناسە کرد و ڕایگەیاند بە بۆردوومانی کورد و ناوچەکانیان، ڕێگەی ئاشتی ناگاتە ئەنجام.

وان

لەبەردەم بینای ڕێکخستنی دەم پارتی وان، هێرشەکان شەرمەزار کران، لە چالاکییەکەدا پانکارت دژی هێرشەکان بەرزکرایەوە، هەروەها درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" گوترایەوە. یەکێک لە بەڕێوەبەرانی دەبەپەی شارەکە ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەکان دەربڕی.

ڕحا

لە ڕحا بە بەشداری پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیاشار و چەندین کەس، ڕاگەیاندراوێک لەبەردەم بینای دەم پارتی خوێنرایەوە. لە چالاکییەکەدا پانکارت دژی هێرشەکان و پشتگیری ڕۆژئاوا بەرزکرایەوە. پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیاشار گوتی: "بەشێوەیەکی بێسەروبەر شوێنە سڤیلەکان بۆردوومان دەکرێن. لە هێرشەکاندا بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن بەتایبەت ژن و مناڵ و خەڵکی سڤیل دەکوژرێن".

جەختی کردەوە، هێرشەکان بۆ سەر فەڵەستین و ڕۆژئاوا، ناسەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین قووڵتر کردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بە بەرزکردنەوەی درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و چەپڵە کۆتایی هات.