هێرشی سەر عومەر ئۆجالان لە چەندین شار شەرمەزار کرا

هێرشی سەر پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز، عومەر ئۆجالان، لە یەک کاتدا لە چەندین شار شەرمەزار کرا. لە ڕاگەیاندراوەکاندا گوترا: "بەرامبەر ئەم هێرشانە ملکەچ نابین و لێپرسینەوە لەم زوڵمە دەکەین".

پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوز، لە چەندین شار ناڕەزایەتیان دەربڕی، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە ڕحا، عومەر ئۆجالان، لە کاتی یادکردنەوەی بازۆ یەڵماز کە پار لە زیندان گیانی لەدەستدا، هێرشەکە ئەنجامدرا.

لە گۆڕەپانی تۆپچو لە ناوچەی ناوەندی خەلیلی لە ڕحا، هاوسەرۆکانی گشتی دەبەپە، ساڵیحە ئایدەنیز و کەسکین بایندەر، هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز، ئیبراهیم ئەکین و چیدەم کلیچگون ئوچار، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک (کەجەدە) بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز، بەڕێوەبەرانی هەدەپە و دەبەپە و پارتی چەپی سەوز لە شار و ناوچەکان، پێکهاتەکانی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی لە ڕحا و چەندین هاوڵاتی بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون، جەماوەرەکە بەرەو بارەگای هەدەپە ڕێپێوانیان کرد.

هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، ئیبراهیم ئەکین، گوتی: "ئەم هێرشە بەتوندی شەرمەزار دەکەین. هەرگیز ڕادەستی ئەم سیاسەتە نابین کە دژی سرووشت و مرۆڤایەتی و هەموو ژیانی بوونەوەرە. پێکەوە چارەنووسی تورکیا دەگۆڕین.

هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلیچگون ئوچار، گوتی: "با بڕوانینە مێژووی سیاسەتی دیموکراتیکی گەلی کورد، لە قۆناغی کۆماری تورکیای سەد ساڵەدا، سەری نەوی نەکرد، دەستی لە مافی دیموکراتیکەکانی هەڵنەگرت. بە هەر ڕێبازێک دێن، با بێن، وەک دوێنێ، ئەمڕۆش تێکۆشان بەردەوام دەبێت".

پاش ئاخاوتنەکان، جەماوەر بە بەرزکردنەوەی درووشمەکان بەرەو بارەگای پارتەکە لە شارەکە ڕێپێوانیان کرد. پۆلیسەکان سەبارەت بەو درووشمانەی پەیڤی "کوردستان"ی تێدا بوو، ‌هەڕەشەیان لە جەماوەر کرد. جەماوەر بە درووشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "کوردستان گۆڕستانی فاشیستان" وەڵامی هەڕەشەکانی دایەوە. جەماوەرەکە لەبەردەم بارەگای پارتەکە چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

وان

لە وان هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە ڕحا، عومەر ئۆجالان شەرمەزار کرد. دەبەپە و هەدەپە و دایکانی ئاشتی و تەژەئا و چەندین ڕێکخستنی جڤاکی بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون. لە ڕاگەیاندراوەکەدا درووشمەکانی "دەست مەبەن بۆ ئیرادەی گەل" و "عومەر ئۆجالان ئیرادەی ئێمەیە" بەرزکرایەوە.

ئەزمیر

هەر بەم بۆنەیەوە لە ئەزمیر ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە. ڕێکخراوەکانی جڤاکی مەدەنی و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و چەندین هاوڵاتی بەشداربوون. هاوسەرۆکی دەبەپە لە ئەزمیر، بێرنا چەلیک، دەقی ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، گوتی: "ملکەچی ئەم هێرشانە نابین، لێپرسینەوە لەم زوڵمە دەکەین".

ئەنقەرە

ڕێکخستنەکانی هەدەپە و پارتی چەپی سەوز لە ئەنقەرە، بە ڕاگەیاندراوێک هێرشەکەیان شەرمەزار کرد، دووپاتیان کردەوە، سکاڵا لە بەرپرسەکان دەکەن.

ئیستنەبوڵ

ڕێکخستنەکانی هەدەپە لە ئیستەنبوڵ پەیوەست بە هێرشەکە لەبەردەم بارەگاکەیان، ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا، درووشمی "دەست مەبەن بۆ ئیرادەی من" بەرزکرایەوە.ڕێکخستنەکانی پارتی چەپی سەوز، هەدەپە و دەبەپە و خزمی زیندانییەکان و چەندین کەسی تر بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون.

هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لە ئیستەنبوڵ، بەسەر چەلیک، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە. ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی نوێنەری گەلی کورد، سەرکوتکردنی گەلە، دووپاتی کردەوە، ملکەچ نابن و لێپرسینەوە دەکەن.

شەرناخ

ڕێکخستنەکانی پارتی چەپی سەوز لە شەرناخ، لەبەردەم بارەگاکەیان ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. دەبەپە و هەدەپە و هاوسەرۆکی شارەوانی لۆپی عەدالەت فیدان، تەژەئا و دایکانی ئاشتی و ئەندامانی مەجلیسەکانی شارەوانی، بەشدار بوون. هاوسەرۆکی هەدەپە لە شەرناخ، سەبوحە ئەکداغ، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە. پاش ڕاگەیاندراوەکە، ٥ خولەک چالاکی دانیشتن بەڕێوەچوو. درووشمی "بەرخۆدان ژیانە" بەرزکرایەوە.

مێردین

لە هەمان چوارچێوەدا، لە مێردین، بە پێشەنگایەتی پارتی چەپی سەوز لەبەردەم بارەگای پارتەکە، ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە. ڕێکخستنەکانی هەدەپە و دەبەپە لە شار و ناوچەکان بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون.

ئامەد

پارتی چەپی سەوز و دەبەپە و هەدەپە، پەیوەست بەم هێرشە لە گۆڕەپانی شێخ سەعید ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە، درووشمی "ناتوانن دەست بۆ ئیرادەمان ببەن" بەرزکرایەوە. هاوسەرۆکی هەدەپە  لە ئامەد، گوڵستان ئاتاسۆی، هاوسەرۆکی دەبەپە لە ئامەد، خەیرەدین ئاڵتون، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، پینار ساکیک تەکین و عەباس شاهین، تەژەئا، دایکانی ئاشتی و ئەندامی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون.

سەرەتا سەرەتا هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئامەد، زیاد جەیلان، ئەم دەسەڵات ناتوانێت بە ڕێگەی ڕەوا سیاسەت بکات، ناتوانێت ببێتە پەسەندکراوی گەل، بۆیە ڕوو دەکاتە ڕێبازی نایاسایی و دژی ئاشتی. ناتوانن ببنە وەڵامگۆی خواستەکانی گەل و ناتوانن ڕێ لە سیاسەتی دیموکراتیک بگرن، بۆیە ڕوودەکەنە زۆرداری؛ گوتی: "بەوان دەڵێین، تا ئێستە زۆر هێرشی نەژادپەرستی و نایاسایی و نائەخلاقیتان بەرامبەر پارتەکەمان و سیاسەتی دیموکراتیک کردووە. وەک چۆن بە تێکۆشانی ڕەوا و ئەخلاقی و ویژدانیمان هێرشەکانمان شکست پێ هێنا، لێرە بەدواش هێرشەکانتان هیچ ئەنجامێکی نابێت. بۆیە دەڵێین، وەستانەوە و تێکۆشانی ڕەوامان، هێرشە نەژادپەرستەکانتان بێ کاریگەر دەکات. سیاسەتی دیموکراتیک هەردەم بەهێز و پتەوتر دەبێت. ئەم هێرشانە شەرمەزار دەکەین".

پاش ئاخاوتنەکانی جەیلان، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، پینار ساکیک تەکین، دەقی ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە. ئەم حکومەتە دەیەوێت توندوتیژی بکاتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە، بەم دواییانە هێرشەکانی توندتر کردۆتەوە بۆ سەر پەرلەمانتاران و بارەگاکانی پارتەکە.

هەروەها تەکین گوتی: "بە هێرشی سیستەماتیک و مەرکەزی دژی نوێنەرەکانمان و بارەگاکانمان، دەیانەوێت بڵێن: "ئەگەر بتوانین ئەمە بەرامبەر نوێنەرەکانتان بکەین، ئەی دەتوانین چی بە ئێوە بکەین؟ بەڵام لەبەردەم زاڵمان و هاوکارانیان ملکەچ نابین. بەبڕوای ئێمە، ئەو هێزی ئاسایشانەی لە ڕحا بە ماسکەوە هێرشیان کردە سەر نوێنەرەکەمان، هیچ ڕەوایەتییەکی یاساییان نییە".

"لەبەردەم یاسا، لێپرسینەوە دەکەین"

تەکین ئاماژەی بەوە کرد، ناکرێت سەرۆکی پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر ئەم هێرشە بێدەنگ بن. بانگەوازی لە ئۆپۆزیسیۆن کرد و گوتی: "بانگەوازمان بۆ ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی خۆی کپ کردووە و چاو لە ڕووداوەکان دەنوقێنێت، ئاشکرایە. بێدەنگی دەبێتە هۆی ستەم، بوێرانە بەرامبەر ئەم ستەمە بوەستنەوە. ملکەچی ئەم هێرشانە نابین کە ئیرادەی گەلی و کورد و دامەزراوەکانی دەکەنە ئامانج. دەیانەوێت دینامیکی ئۆپۆزیسیۆن قەڵس بکەن و هەمووان بێدەنگ بکەن. لێپرسینەوە لەم زوڵمە دەکەین. بانگەواز لە هەمووان دەکەین هەڵوێست وەربگرن دژی ئەم کارە نایاسایی و ستەمکارییەی سەر نوێنەرەکەمان. ئەگەر لێپرسینەوە نەکرێت، ئەوە دەریدەخات هاوبەشی تاوانەکانی جەندرمەن. سکاڵا دەکەین دژی ئەوانەی تاوانە نایاساییەکەیان کردووە و فەرمانی نایاساییان داوە. بانگەواز لە هەموو تاکەکانی گەلەکەمان و ڕای گشتی دیموکراتیک و دۆستەکانمان دەکەین، هەستیاربن بەرامبەر هێرشە بێپەرواکانی ئەم دواییەی سەر پارتەکەمان و پەرلەمانتارەکانمان. بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنین، لەبەردەم یاسا لێپرسینەوە لە هەموو ئەم هێرشەکان دەکەین".