هەڵوێستی پەژاک سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری ورمێ

پەژاک لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری ورمێ ڕایگەیاند: "پێویستە هەردوو گەلی کورد و تورکی ئازەربایجان ئەو هاودەنگیەی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا نیشانیان دا، بکەنە بەردی بناغەی تێکۆشانی پێکەوە ژیان."

ڕاگەیاندراوی پەژاک

بەرێوەچوونی جەژنی شکۆداری نەورۆز لە شاری ورمێ لەلایەن هەندێک لایەنی فاشیستیەوە وەک دەرفەتێک بەکارهێنرا دژی ئەو پێکەوەژیانەی ساڵانێکە لە نێوان گەلانی ئازەربایجان و گەلی کورددا هەیە. لەم بارەیەوە مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا: "دەبێت گەلی تورک و گەلی کوردی ئازەربایجان لەم بوارەدا زۆر هۆشیار بن و دەبێت ئەو هاوسۆزی و یەکدەنگیەی کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا پیکەوە نیشانیان دا بکەنە هەوێنی تێکۆشانیان و سەرکەوتنیان دژی هەر چەشنە ئاژاوەگێرییەک."

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەی مەجلیسی پەژاک دا هاتووە:

"گەلی کورد لە شاری ورمێ بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە جەژنی نەورۆزی ٢٠٢٥یان پیرۆز کرد. ئەم جەژنە وەک هەر بۆنەیەکی ئاشتیخوازانە، کەلتوورێکی دەربڕینی هاودەنگی، هیوا و شوناسی نەتەوەیەکە، کە بەداخەوە ئەم بۆنە جەماوەریە لەلایەن هەندێک لایەنی فاشیست و بیرتەسکەوە وەک دەرفەتێک بۆ تێکدانی کەشی پێکەوەژیانی گەلان و دروستکردنی ئاژاوەگێڕی بەکار ‌هێنرا.

لەوەدا گومان نییە کە پەیامی جەژنی نەورۆز، جەختکردنەوەیە لەسەر شوناسی نەتەوەیی و کەلتووری گەلی کورد. شوناسێکە ناکۆکی لە گەڵ هیچ گەل و نەتەوەیەکدا نییە و مەترسی بۆ سەر هیچ کەلتوورێک دروست ناکات. بەڵام هەندێک لە هێز و لایەنە سەر بە ناوەندەکانی دەسەڵات و بەرژەوەندخوازە دەرەکییەکان ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە بۆ تێکدانی ڕۆحی پێکەوەژیانی گەلان. بە پێی ئەو بەڵگانەی  بەردەستن، دەردەکەوێت کە ئەم کارانە لەلایەن بەکرێگیراوانی لایەنەکانەوە بەڕێوە دەبرێن و هیچ مەبەستێکیان جگە لە دروستکردنی دووبەرەکی و ئاژاوە گێڕی نییە.

گەلانی کورد و تورکی ئازەربایجان چەندین سەدەیە پێکەوە لەگەڵ یەکتر دەژین و پەیوەندییەکانیان سەرەڕای جیاوازی کولتووری، هەمیشە لەسەر بنەمای ڕێز لەیەکگرتن و پێکەوەژیان بووە. هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاژاوەگێڕی و ناکۆکی نێوانیان، پڕۆژەیەکی ڕوونی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران و لایەنە دەرەکییەکانە کە بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن.

خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە بە ناوەڕۆکی توندی ناسیۆنالیستیانە لە ورمێ، بەشێکن لە بەرنامە پلان بۆ داڕێژراوەکان بۆ تێکدانی جیاوازی نێوان پێکهاتەکان، لە کاتێکدا ورمێ هەمیشە هێمای پێکەوەژیانی کولتووری بووە. هەر هەوڵێک بۆ نەهێشتن یان لاوازکردنی کولتوورێک پێچەوانەی ڕاستی مێژوویی و کۆمەڵایەتی ئەو شارەیە و مەترسی ماڵوێرانکەری لێدەکەوێتەوە. دروستکردنی کەشێکی بێ متمانەیی و ئاژاوەگێڕیی لە نێو گەلاندا تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندیی ئەو حکومەتانە دەکات کە لە خەمی ئاسایش و ئازادی گەلانی ورمێدا نیین.

بۆیە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەو باوەڕەدایە تەنیا بە دوورکەوتنەوە لە هەر چەشنە هەڵسوکەوتێکی ناسیۆنالیستی توندڕەوانە و جەختکردنەوە لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و بەهێزکردنی کولتوری دیموکراسی و یەکتر قبوڵکردن دەتوانرێت چارەسەرێکی مرۆیی، دیموکراتیک و هۆشیارانە بۆ داهاتووی گەلان دابمەزرێت.

بۆیە داوا لە گەلی کورد دەکەین سەرەڕای پێداگریکردن لەسەر شوناسی نەتەوەیی، کەلتووری و کۆمەلایەتی خۆیان نەکەونە داوی هاندانەکانی لایەنە فاشیستەکانەوە و خۆیان لە دەربڕینی هەڵوێستی توندڕەوانە بەدوور بگرن، هاوکات پشتیوانی لە هەموو مافە نەتەوەیی دیموکراتیکەکانی گەلی تورکی ئازەربایجان دەکەین و داوا دەکەین تێکۆشانی خۆیان لەسەر بنەمای سیاسەتێکی دیموکراتیک بەڕێوە ببەن و بزانن کە سەرکەوتنیان لە پێکەوەژیان لەگەڵ گەلانی تردایە. دەبێت هەم گەلی کورد و هەم گەلی تورکی ئازەربایجان ئەو هاودەنگی و هاوخەباتیەی کە لە شوڕشی ژن، ژیان، ئازادییدا پیکەوە نیشانیاندا بخەنە پێشەوەی هەموو ئەرکەکانیان لە تێکۆشان و لەوەدا دڵنیا بن نهێنی سەرکەوتنیان بە تێکۆشانی هەردوو گەلی کورد و تورک بەدی دێت.

دیسان پارتی ژیانی ئازادی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر جۆرە دووبەرەکییەک خزمەت بەو پلانانە دەکات کە دژایەتی بەرژەوەندییەکانی گەلان دەکات، بۆیە بەرپرسیارێتی مێژوویی ئێمەیە کە بە هۆشیاری، بەهێزکردنی کەلتووری لێبوردەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی دژی سیاسەتە ئاژاوەگێڕەکان، دەرفەت بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە، هەمەچەشنی و دێموکراتیک بڕەخسێنین.

گەلانی ناوچەکە شایستەی ژیانێکی ئاشتیانە، ئازادی و پێکەوە بوونن، با بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە هاوبەشە پێکەو تێکۆشان بکەین."