جاڕنامەى هەدەپە: ئێمە بۆ بەڕێوەبەریی هاوبەش ئامادەین!

لە جاڕنامەى هەدەپەدا هاتووە، "ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئاکتۆرە سیاسییەکاندا چاوپێکەوتن و دانوستان ئەنجام بدەین و پێکەوە رێبکەین و پێکەوە تێبکۆشین و پێکەوەش بەڕێوەی ببەین".

پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لەبارەی کێشەکان، رێگاکانی چارەسەری و بەردەنگەکان جاڕنامەیەکی بە ناوی "جاڕنامەى بانگەواز بۆ دیموکراسی، دادپەروەری و ئاشتی" بڵاوکردەوە.

جاڕنامەکە بە ئامادەبوونی پێکهاتەکانی هەدەپە، ئەندامانی دەستەى بەڕێوەبەری ناوەندی، پەرلەمانتاران، هاوسەرۆک شارەوانییەکان لە چانکایای ئەنقەرە لە ئۆتێلێکدا بۆ رای گشتی خوێندرایەوە.

لە هۆڵی خوێندنەوەى جاڕنامەکەدا بە زمانەکانی کوردی و تورکی پۆستەرەکانی "بانگەواز بۆ دادپەروەری"، "بانگەواز بۆ دیموکراسی" و "بانگەواز بۆ ئاشتی" هەڵواسرابوون.

جاڕنامەکە لەلایەن هاوسەرۆکانی هەدەپە پەروین بوڵدان و میتحەد سانجار خوێندرایەوە.

جاڕنامەکە لە ١١ خاڵ پێکهاتووە و بە وردەکاریی زۆر و فرە لایەنەوە خاڵەکان روونکراونەتەوە و بە وردی باس لە کێشەکان و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان کراوە و خاڵەکانیش بریتین لە:

١ – دیموکراسییەکی بەهێز

٢ – دادگایەکی بێلایەن و سەربەخۆ

٣ – ئیرادەی گەل نەک رژێمی قەیوم

٤ – چارەسەریی دیموکراتیک بۆ کێشەى کورد

٥ – دیپلۆماسییەکی ئاشتییانە

٦ – ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان

٧ – دادپەروەری لە ئابووریدا

٨ – شیاوبوون و لێهاتووی لە بەڕێوەبردنی گشتی دا

٩ – پاراستنی ژینگە

١٠ – ژیانێکی ئازاد بۆ گەنجان

١١ – دەستوورێکی بنەڕەتیی دیموکراتیک

ژ.ت